ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی بەتوندی ئیدانەی ئەو هەنگاوە نەخوازراوە دەكات حكومەتی تورکیا بەرامبەر بەنوێنەرانی گەلی كورد لەباكور پەیڕەوی دەكات، دەستگیر كردنی بەڕێزان سەلاحەدین دەمیرتاشو فیگەن یۆكساكداخو نۆ پەرلەمانتاری هەدەپە، جگە لەوەی پێشێلكاریەكی ئاشكرای مافەكانی مرۆڤو دەستدرێژیكردنە سەر ساكاترین پرەنسیپەكانی دیموكراسیو بەرتەسككردنەوەی ئازادیییەكانە، دەرگا داخستنیشە بەڕووی هەر هەوڵێكی ئاشتیانەشدا بۆ چارەسەركردنی كێشەی رەوای كورد.
زەبروزەنگی حكومەتی تورکیا بەرامبەر بەئەندامانی هەدەپەو پەرلەمانتارو سەرۆك شارەوانییەكانی كورد لەتوركیا، وێڕای ئەوەی زیانێكی گەورە بەپرۆسەی ئاشتەواییو دیموكراسی لەو وڵاتەدا دەگەیەنێت، جارێكتریش ئەو راستییە دەسەلمێنێت كە ئیرادەی گەلی كورد بەزیندانو زەبروزەنگ تێكناشكێت، ئەمجۆرە هەڵسوکەوتە نادیموكراسیانە تەنها مەترسی ئەوەیان لێدەكرێت توركیا هەرچی زیاتر بەرەو توندوتیژیی ئاڕاستە بكەنو ئاگری خەباتو بەرخودانی كوردیش لەباكور بەجۆشتر بكەن.
ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی خوازیاری ئازادكردنی دەستبەجێی هەڤاڵانی بەڕێز سەلاحەدین دەمیرتاشو فیگەن یۆكساكداخو گوڵتان كشاناكو هەموو ئەو هەڤاڵانەی هەدەپەیە كە لەسەر بیرورای جیاواز دەستگیر كراون. لەهەمانكاتیشدا ئێمە خوازیارین حكومەتی هەرێمو هێزە كاریگەرەكانی كوردستان چالاكانە رۆڵی خۆیان لەپێناو ئازادكردنی ئەو هەڤاڵانەی هەدەپەدا ببینن.
داواش لەیەكێتی ژوورە بازرگانیەكانی كوردستانو عێراقو بازرگانان دەكەین، ئەگەر حكومەتی تورکیا لەسەر درێژەدان بەم سیاسەتی گرتنو زەبروزەنگەی بەردەوام بێتو رێگەی گفتوگۆ بەكارنەهێنێت لەگەڵ نوێنەرانی گەلی كورد، وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر بەو سیاسەتە چەوتە، بیر لەبایكۆت كردنی كەلوپەلی توركی لەهەرێمی كوردستانو عێراقدا بکرێتەوە.
ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی
4/11/2016