كەی شەش ملیارەكەی مامۆستایان خەرج دەكرێت؟ ‌ ‌


حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە لەگەڵ مووچەی مانگی (١٠)، ئەو شەش ملیار دینارە بەسەر مامۆستایاندا دابەش بكات، كە وەك هاوكاری بڕیاری لێداون. سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانیش داوای زیادكردنی بڕەكە دەكات.

ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان رایگەیاندووە، وەكو یەكێتیی مامۆستایان پێدانی ئەو شەش ملیار دینارەمان بە مامۆستایان رەتكردۆتەوە، بۆیە بە وردی بەدواداچوونمان بۆ شێوازی خەرج كردنەكەی نەكردووە، بەڵام لە سەردانێكماندا بۆ وەزارەتی پەروەردە، پێیان راگەیاندین كە لە مانگی (١٠)ەوە ئەو پارەیە بۆ مامۆستایان ئەژمار دەكرێت.

بڕەكەی زیاد بكرێت
وتیشی: «زانیاری ئەوەمان نییە ئەو پارەیە لەگەڵ مووچە یان بەجیا یاخود لە چ مانگێكەوە خەرج دەكرێت، بەڵام هیوادارین حكومەت بڕەكەی زیاد بكات، بۆئەوەی مامۆستایانیش دەوامی خۆیان بكەن».
سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان دەڵێت: «لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە پێمانڕاگەیەنراوە كە بەهۆی بایكۆتەوە سلێمانی ناوی مامۆستایانی رەوانەی پەروەردە نەكردووە».

لیستەکە رەوانە کراوە
لای خۆیەوە، شێركۆ سەعید بەڕێوەبەری ژمێریاری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەری سلێمانی بە ماڵپەڕی (SNN)ی راگەیاندووە، لیستی ناوی مامۆستایانیان رەوانەی وەزارەتی پەروەردە كردووە، كە لەسەر بنەمای دوورو نزیكی شوێنی دەوامی مامۆستایان پۆڵێنكراوە.

وتیشی: «لەبارەی خەرجكردنی ئەو شەش ملیار دینارەوە، هیچ زانیاری‌و وەڵامێكیان لەلایەن حكومەتەوە بەدەست نەگەیشتووە».