لە 8 مانگدا 793 كۆمپانیا لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون


بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی رایدەگەیەنێت “لە هەشت مانگی ئەمساڵدا 793 كۆمپانیا ناویان تۆمار كراوە و حكومەت بە نیازە پارەی وەرگرتنی رسوماتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان زیاد بكات”.

دڵزار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری تۆماری كۆمپانیاكان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێم بە دواڕۆژی راگەیاند “لە هەشت مانگی ئەمساڵدا 793  كۆمپانیا ناویان تۆمار كراوە كە لەوانە 763 كۆمپانیایان خۆماڵیین و 30 كۆمپانیاش دەرەكیین”.

ئەوەشی خستەڕوو “ساڵی پار  لە تەواوی 2015دا هەزار و 161 كۆمپانیا ناویان تۆمار كراوە لەوانە هەزار و 456 كۆمپانیا خۆماڵی بوون 105 كۆمپانیاش دەرەكی بوون”.

ناوبراو، راشیگەیاند” لەبەرامبەر تۆماركردنی هەر كۆمپانیایەك حكومەت 180 هەزار دینار لە كۆمپانیای خۆماڵی و 280 هەزار دیناریش لە كۆمپانیای دەرەكی وەردەگرێت”.

لە هەرێمی كوردستان 21 هەزار و 849 كۆمپانیای خۆماڵی و سێ‌ هەزار كۆمپانیای دەرەكی لە بەڕێوەبەرایەتی تۆماری كۆمپانیاكان تۆماركراون.

ئەوەشی خستەڕوو، نوسراوێكیان كردوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی رسوماتی تۆماری كۆمپانیا ناوخۆییەكان بكرێتە 500 هەزار دینار و بۆ كۆمپانیا بیانییەكانیش بڕی 800 هەزار دینار وەربگیرێت