پانزە مانگە پێنج موچەیان وەرگرتوە


خانەنشینانی هەرێمی كوردستان لە ماوەی (15) مانگی رابردودا تەنیا (5) موچەیان پێدراوە، واتە بە سێ مانگ جارێك موچەیەكیان پێدەدرێت.

لە ماوەی (15) مانگدا واتا لە مانگی ئەیلولی 2015 وە خانەنشینان كە پێكهاتون لە خانەنشینی سەربازی‌و مەدەنی‌و پلەتایبەتەكان، تەنیا (5) موچەیان وەرگرتوە، ئەمە بەبیانوی قەیرانی داراییەوە.

ئەمڕۆ هەندێك لە خانەنشینان موچەیان وەرگرت،  ئەگەر بارودۆخەكە بەوشێوەیە بمێنێتەوە كە هەیە، پیدەچێت لەمساڵدا ئەمە دواین موچە بێت كە وەریدەگرن.

عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەند نەبێت بە رێككەوتنەكەی لەگەڵ بەغدا، ئەوا ساڵی 2017 زۆر قورستر دەبێت بۆ هاوڵاتیان‌و موچەخۆران، چونكە حكومەتی هەرێم هێندەی دیكە ئابورییەكەی دادەتەپێت.

سەرەڕای قەیرانی دارایی‌و نەبونی موچە مانگانە، نزیكەی (100 ملیار) دینار بۆ موچەی ئەو كەسانە تەرخانكراوە كە بەشێكیان بەنایاسایی كراون بە خانەنشینی سەربازی‌و سیستەمی پاشەكەوتی موچەش نایانگرێتەوە.

لە هەرێمی كوردستاندا نزیكەی (ملیۆنێك‌و 500) هەزار موچەخۆر هەن، لەو رێژەیە نزیكەی (700 هەزار)یان موچەخۆری خانەنشینی سەربازی‌و مەدەنی‌و پلە تایبەتەكانن.