د.عیزەت سابیر: تێچووی بیری نەوت بەراورد بەهەرێم لەعیراق كەمترە


سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات: لە هەڵكەندنی بیرێكی نەوت لە بەغدا پێنج ملیۆن دۆلاری تێچووە، بەڵام لە هەرێمی كوردستاندا هە ڵكەندنی هەر بیرە نەوتێك 100 ملیۆن دۆلار لەسەر هەرێم كەوتووە. 

سەبارەت بە كەرتی نەوتی هەرێم هەر لەپرۆسەی دۆزینەوە و گەڕان و پشكنین و شیرینی گرێبەستیەكانیەوە تا دەرهێنانی و فرۆشتنی و گەڕانەوەی پارەكەی، د.عیزەت سابیر سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان، رایگەیاندووە : لەزۆربەی گرێبەستە نەوتیەكانی هەرێمدا لایەنی سێیەم بوونی هەیە و كەسیش نازانێت ئەو لایەنی سێیەمە كێیە و بۆچی بۆتە شەریك لەو گرێبەستانەدا.

فرۆشتنی نەوت بە 10 دۆلار كەمتر لە نرخی جیهانی و تاڵانفرۆشكردنی نەوتی هەرێم زیاتر لەوە دەچێت لەبازاڕی رەش و بەڕێگەی دەستی دوو و سێ بفرۆشرێت نەك بەشێوەیەكی ئوسوڵی و یاسایی، لە گەڕانەوەی پارەكەشدا دیسانەوە ناشەفافیەكی گەورە هەیە.
 
د.عیزەت-دەشڵَێت: تەنیا خوا و ئاشتی هەورامی دەزانن فرۆشی راستەقینەی رۆژانە و مانگانەی بڕی نەوت چەندە، ئەو پارەیەشی كە دێتەوە راستەوخۆ دەچێتە قاسەی حزب، كە مەبەستی بانكی نێودەوڵەتیی كوردستانی  نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستانە.