نرخی نه‌وت دابه‌زی


نرخه‌كانی نه‌وتی خاو بۆ چواره‌مین رۆژ له‌سه‌ریه‌ك به‌ره‌و دابه‌زین رۆیشت ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی داتاكان ده‌ریانخست كه‌ نه‌وتی خاوی كۆگاكراوی ئه‌مریكا به‌شێوه‌یه‌كی پێشبینی نه‌كراو زیادی كردووه‌. 

 رۆیته‌رز،  نه‌وتی خاوی برنت  32 سه‌نت دابه‌زی و به‌رمیلی به‌ (47.82) دۆلار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كراوه‌، هه‌روه‌ها نه‌وتی خاوی رۆژئاوای ته‌كساس 19 سه‌نت دابه‌زی و به‌رمیلی به‌  46.67 دۆلار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كراوه‌.
 
دابه‌زینی نرخه‌كانی نه‌وتی خاو دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌  په‌یمانگای پیترۆڵی ئه‌مریكی ڕایگه‌یاند نه‌وتی خاوی عه‌مباركراوی ئه‌مریكا هه‌تا ئه‌و هه‌فته‌یه‌ی له‌ 28 مانگی ڕابردودا كۆتایی هاتووه‌ به‌ بڕی (9.3) ملیۆن به‌رمیل به‌رزبۆته‌وه‌ ئه‌وه‌ش نۆ جار زیاتره‌ له‌ پێشبینی ئه‌و شرۆڤه‌كارانه‌ی له‌لایه‌ن رۆیته‌رزه‌وه‌ ڕایان وه‌رگیرابوو. 

داتاكانی په‌یمانگای پیترۆڵی ئه‌مریكی هه‌میشه‌ رۆژێك پێش بڵاوكردنه‌وه‌ی داتا فه‌رمییه‌كانی ئیداره‌ی زانیاری ووزه‌ی سه‌ربه‌ حكومه‌تی ئه‌مریكا بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، كه‌ وابریاره‌ ئه‌مشه‌و بڵاوبكرێنه‌وه‌ و كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی ده‌بێت له‌سه‌ر نرخه‌كانی نه‌وتی خاو.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ دوێنێ شه‌و، ئه‌مین ناسر، به‌رێوه‌به‌ری كۆمپانیای نه‌وتی ئارامكۆی سه‌ربه‌ده‌وڵه‌تی سعودیه‌ پێشبینی كرد له‌ نیوه‌ی یه‌كه‌می ساڵی نوێدا نرخه‌كانی نه‌وتی  خاو به‌رزببنه‌وه‌.