وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق ئاشكرای دەكات، ئەمساڵ 850 هەزار تۆن خورما لەعیراق بەرهەمهێنراوە، لەو بڕەش نزیكەی 200 هەزار تۆنی لەناوخۆدا فرۆشراوەو ئەویتری هەناردەی وڵاتانی دەرەوە كراوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، (70%)ی ئەو خورمایەی لەعیراق بەرهەم دێت، بەهۆی كەمی نرخەكەیەوە بۆ ئالیكی ئاژەڵ بەكاردەهێنرێت.
حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق روونیدەكاتەوە، بەهۆی نەبوونی كارگەی خۆماڵییەوە، ناتوانرێت وەك پێویست سوود لەو بڕەی زۆری بەرهەمی خورما وەربگیرێت. بەمەبەستی بووژانەوەی ئابووریی عیراق، بۆیە بە ناچاری بە وڵاتانی دەوروبەر دەفرۆشرێتو ئەوانیش لەپیشەسازیی خۆراكدا بەكاریدەهێنن.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كشتوكاڵ ئاماژە بەوەشدەكات، بازرگانان بە نرخێكی زۆر هەرزان خورمای جۆری «زهدییە» لە ناوخۆی عیراق دەكڕنو لەوڵاتی ئیماراتی بە نرخێكی بەرز دەیفرۆشن.
ئەو دەڵێ: «كۆمپانیای خورمای عیراق لایەنی بەرپرسی ئەو هەناردەكردنەیەو وەزارەتەكەمان هیچ پەیوەندییەكی بەو كارەوە نییە. بۆیە پێشنیازی ئێمە ئەوەیە كە كارگەیەكی پیشەسازیی تایبەت بەو بەرهەمە دابمەزرێت».
ئەو ئاشكراشیدەكات، لە عیراقدا 350 جۆری خورما بەرهەم دەهێنرێتو لەو ژمارەیەش 140 جۆریان لە پارێزگای بەسرەدا بەهەمدێت.
بەوتەی حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق، تائێستا ئامارێكی ورد لە بەردەستدا نییە سەبارەت بەژمارەی دار خورماكانی عیراق، چونكە بەهۆی جەنگەوە سەدان هەزار دارخورما لەناوچوون.
پێشتر عیراق لەڕووی بەرهەمی خورماوە لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی یەكەمدا بووەو نزیكەی 31 ملیۆن دارخورمای هەبوو. بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە بۆ نیوە كەمی كردووە.