سه‌رۆكی میسر: راپرسی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی میسر له‌ دوو قۆناغدا ئه‌نجام ده‌درێت

به‌ پێی راگه‌یه‌نراوێكی نوێی سه‌رۆك كۆماری میسر راپرسی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی ئه‌و وڵاته‌ له‌ دوو قۆناغدا ئه‌نجام ده‌درێت.
محه‌مه‌د مورسی سه‌رۆك كۆماری میسر رایگه‌یاند راپرسی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی ئه‌و وڵاته‌ له‌ دوو قۆناغدا و به‌ مه‌ودای یه‌ك هه‌فته‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
به‌ پێی ئه‌و بڕیاره‌ی سه‌رۆكی میسر قۆناغی یه‌كه‌می راپرسیه‌كه‌ رۆژی شه‌ممه‌ 15 ی مانگ و قۆناغی دووه‌میش 22 ی ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
ئه‌ندامێكی كۆمسیۆنی بالای هه‌ڵبژاردنی میسر باسی له‌وه‌كردوه‌ ئه‌و فه‌رمانه‌ی محه‌مه‌د مورسی به‌ پێی داواكاریه‌كی كۆمسیۆنه‌كه‌یان ده‌ركراوه‌.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ هۆكاری خستنه‌رووی داواكاریه‌كی له‌و جۆره‌ی له‌ لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی میسره‌وه‌ بۆ كه‌می ژماره‌ی دادوه‌رانی چاودێر گه‌ڕانده‌وه‌ و راشیگه‌یاند كه‌ كاتێكی زۆریان به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م پێداویستیه‌كانی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و راپرسیه‌ به‌ ته‌واوه‌تی ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین.