لە شاری سلێمانی پێشانگایەكی تایبەت بۆ بەرهەمی خۆماڵی 70 جووتیاری سنووری پارێزگای سلێمانی كرایەوە، ئامانج لە كردنەوەی ئەو پێشانگایەش “نیشاندانی بەرهەمی خۆماڵی جووتیاران و ساغ كردنەوەیەتی لە رێگەی ئەو پێشانگایەوە”.
پێشانگاكە لە پاركی ئازادی شاری سلێمانی كرایەوە، تێیدا جووتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی, بەرهەمە خۆماڵییەكانی خۆیان لە هەنگوین و میوە و سەوزە و دانەوێڵە و بەرهەمەكانی تر, نمایش كردووە بۆ فرۆشتن و داوای هاوكاری و پشتیوانی زیاتری حكوومەت دەكەن بۆ كارەكانیان.
ئارام تۆفیق, بەڕێوەبەری رێنمایی كشتوكاڵی سلێمانی و سەرپەرشتیاری پێشانگاكە، لە بارەی پێشانگاكەوە راگەیاند “وەك پیشەیەكی ساڵانەی خۆمان و یەك لە چالاكییەكانمان بریتییە لە كردنەوەی بازاڕی بەرهەمە كشتوكاڵییە خۆماڵییەكان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ 70 جووتیار كە خاوەنی بەرهەمی خۆماڵی خۆیانن, بەرهەمەكانیان نمایش دەكەن, لەم پێشانگایەوە دەتوانن بەرهەمەكانی خۆیان بفرۆشن”.
ناوبراو وتيشي: “كردنەوەی ئەم پێشانگایە هاندانێكە بۆ جووتیاران تا لە رێگەیەوە راستەوخۆ بەرهەمەكانی بدات بە هاووڵاتییان، كڕیاریش دەتوانێت بەسەردانی ئەم پێشانگایە بەرهەمێكی كشتوكاڵی دروست بە نرخێكی گونجاو بەدەست بهێنێت”.
عەبدوڵا ئیبراهیم (تەمەن 50 ساڵان) جووتیارێكی ناوچەی قەندیلە لە هەرێمی كوردستان، ئەو وەك خۆی دەڵێت :”ئەمساڵ خاوەنی زیاتر لە یەك تۆن هەنگوین بووە و بەخێوكردن و بەرهەمهێنانی هەنگوینیش بۆ ئەو, كێشە و گرفتی زۆری هەیەو وتی: “هاوینان هەنگەكانمان دەبەینەوە كوێستانەكانی قەندیل و زستانان دەیهێننەوە ناوچەی پشدە”.