هونه‌ر ئه‌حمه‌د، هه‌ر كه زانى بایكۆتى مامۆستایان درێژه ده‌كێشێت، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكى خوێندندا منداڵه‌كه‌ى برده یه‌كێك له خوێندنگه ناحكوومییه‌كان، به‌وه‌ش ترسى خۆى له فه‌وتانى خوێندنى منداڵه‌كه‌ى ڕه‌وانده‌وه، به‌ڵام دۆخه‌كه بۆ شیروان محه‌مه‌د باوكى دوو خوێندكار جیاوازه، به هۆى بایكۆته‌وه هێشتا منداڵه‌كانى قوتابخانه‌كه‌یان نه‌بینیوه.
بایكۆتى مامۆستایان له سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكى وه‌رزى نوێى خوێندنه‌وه، په‌كى پڕۆسه‌ى خوێندنى له خوێندنگا حكوومییه‌كاندا خستووه، به‌ڵام له خوێندنگه ئه‌هلییه‌كاندا ده‌وام ئاساییه.
هونه‌ر ئه‌حمه‌د یه‌كێك له‌و باوكانه‌ى منداڵه‌كه‌ى بردووه‌ته خوێندنگه‌ى ئه‌هلى، ده‌ڵێت هه‌رچه‌نده خه‌رجیی ئه‌و خوێندنگەیانه زۆره، به‌ڵام زۆرێك له خێزانه‌كان ناچارن له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی منداڵه‌كانیان بیاننێرنه ئه‌و خوێندنگەیانه.
وتیشی: ״كوڕه‌كه‌م ئێستا هیچ گرفتێكى خوێندنى نییه و به شێوه‌یه‌كى باش ده‌وامى خۆی ده‌كات.״
به‌ڵام شیروان محه‌مه‌د، دانیشتووى شارى سلێمانی، ترسی هه‌یه له‌وه‌ى خوێندنى ئه‌مساڵی منداڵه‌كانى بفه‌وتێت، به‌ڵام ناشتوانێت وه‌ك خه‌ڵكی دیكه بیانخاته خوێندنگه ناحكوومییه‌كان، ״له‌به‌ر ئه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌رم و ئه‌و مووچه كه‌مه‌ى وه‌رم ده‌گرم به‌شمان ناكات״. شیروان هیواشی خواست به زوویی چاره‌سه‌ری كێشه‌ى مامۆستایان بكرێت تا ئه‌وانیش بچنه‌وه هۆڵه‌كانى خوێندن و ساڵی خوێندنى منداڵه‌كانى نه‌فه‌وتێت.
به هۆی پاشه‌كه‌وت و دواكه‌وتنى مووچه‌وه، له ئێستادا له سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه و ئیداره‌ى گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین و كۆیه، له لایه‌ن مامۆستایانه‌وه بایكۆتى خوێندن كراوه و ده‌وامى ته‌واوى خوێندنگە حكوومییه‌كان ڕاگیراوه.
له به‌رامبه‌ر بایكۆتى خوێندنگه حكوومییه‌كان له سنوورى سلێمانى و ده‌وربه‌رى چه‌ند خوێندنگه‌یه‌كى ناحكوومی هه‌ن، به پێی ئامارى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى ژماره‌یان 23 خوێندنگه‌یه و له‌و ژماره‌یه‌ش 21 خوێندنگە له‌نێو شارى سلێمانیدایه و دوو خوێندنگه‌شیان له شارى ڕانیه‌یه، زیاتر له هه‌شت هه‌زار خوێندكاریش له‌و خوێندنگا ناحكوومییانه به‌بێ بوونى هیچ كێشه‌یه‌ك ده‌وامى ئاسایی خۆیان ده‌كه‌ن.
ڕۆژی 1ـی ئه‌م مانگه، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی ساڵی نوێی خوێندن دوو زه‌نگی جیاواز لێ دران، له سنووری پارێزگای هه‌ولێر و دهۆك زه‌نگ بۆ خوێندن و له سنووری پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ش زه‌نگی بایكۆتكردن لێ درا.
درێژه‌كێشانى بایكۆت وای له هه‌ندێك له خێزانه‌كان كردووه منداڵه‌كانیان له خوێندنگه حكوومییه‌كانه‌وه بگوازنه‌وه بۆ خوێندنگه ناحكوومییه‌كان.
خوێندنگه ناحكوومییه‌كان دابه‌ش كراون به‌سه‌ر سێ جۆردا، ئه‌وانیش بیانی و نێوده‌وڵه‌تى و لۆكاڵییه، بیانى و نێوده‌وڵه‌تییه‌كه پڕۆگرامه‌كانیان هه‌ریه‌كه‌یان تایبه‌تن به شێوازی خوێندنى وڵاتێكى ده‌ره‌وه‌وه، لۆكاڵییه‌كه‌ش پڕۆگرامه‌كانیان له وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمه‌وه به زمانى ئینگلیزی بۆ داده‌نرێت.
ئارام حه‌سه‌ن، یه‌كێكه له‌و مامۆستایانه‌ى هه‌ر له سه‌ره‌تاى ده‌وامى ئه‌مساڵه‌وه بایكۆتى ده‌وامى كردووه، جه‌ختی كرده‌وه پێیان خۆشه داواكارییه‌كانیان بۆ جێبه‌جێ بكرێت تاوه‌كو هاوشێوه‌ى ساڵانى پێشوو بچنه‌وه هۆڵه‌كانى خوێندن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا ئاساییه و گرنگه خوێندنگه‌ى ئه‌هلى هه‌بێت، چونكه كوالێتیى خوێندن تێیاندا باشه، وتیشی ״مه‌رج نییه هه‌موویان منداڵى ده‌وڵه‌مه‌ند بن، به‌ڵام ڕاسته به‌شێك له‌وانه‌ى ده‌چنه ئه‌و خوێندنگەیانه منداڵی به‌رپرس و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانن.״
به پێى ئاماره‌كانى یه‌كێتیى مامۆستایان كه ده‌ست ״ئاژانس״ كه‌وتووه، به هۆى بایكۆته‌وه 3 هه‌زار قوتابخانه ده‌وامیان تێدا ناكرێت و 45 هه‌زار مامۆستاش بایكۆتیان كردووه، ئه‌وه‌ش بووه‌ته هۆى ئه‌وه‌ى نزیكه‌ى 700 هه‌زار خوێندكار له خوێندند بێبه‌ش بن.
به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگا ناحكوومییه‌كان ڕه‌تی ده‌كه‌نه‌وه ته‌نها كه‌سانى ده‌وڵه‌مه‌ند ڕوو له خوێندنى ئه‌وان بكات باس له‌وه ده‌كه‌ن زۆربه‌ى هه‌ره زۆری قوتابییه‌كانیان منداڵی فه‌رمانبه‌ر و مامۆستایانن.
قوتابخانه‌ى جونیه‌رى نموونه‌یی له شارى سلێمانى، یه‌كێكه له قوتابخانه ناحكوومییه‌كان، له ڕێكه‌وتى 19ـى مانگی ڕابردووه‌وه ده‌ستی به ده‌وام كردووه.
ڕه‌نج مه‌حموود، به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه وتی: ״زیاتر له 500 خوێندكارمان هه‌یه، زۆربه‌ى هه‌ره زۆری خوێندكاره‌كانمان منداڵی فه‌رمانبه‌ر و مامۆستایانن دایكوباوكیان ده‌یانه‌وێت له‌و خوێندنگه‌یه‌ی ئێمه درێژه به خوێندنه‌كه‌یان بده‌ن.״
به پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده له هه‌رێمی كوردستان، 255 قوتابخانه و په‌یمانگای ئه‌هلی هه‌ن. ساڵی ڕابردوو 40 هه‌زار و 644 قوتابی و خوێندكار له‌و قوتابخانانه خوێندوویانه، له ئێستاشدا خوێندن له قوتابخانه ناحكوومییه‌كان نزیك بووه‌ته‌وه له واده‌ى تاقیكردنه‌وه‌كان.
به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه و په‌یمانگا ناحكوومییه‌كان له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى، باس له زیادبوونى داواكاریى دایكان و باوكان ده‌كات بۆ گواستنه‌وه‌ى منداڵه‌كانیان بۆ خوێندنگه ناحكوومییه‌كان.
به‌هرۆز مه‌حموود، به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه و په‌یمانگا ناحكوومییه‌كان له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى، به״ئاژانس״ى ڕاگه‌یاند، له خوێندنگا ناحكوومییه‌كاندا پڕۆسه‌ى خوێندن به‌بێ بوونى هیچ جۆره كێشه‌یه‌ك به‌ڕێوه ده‌چێت و له ئێستاشدا نزیك بوونه‌ته‌وه له تاقیكردنه‌وه‌كانى مانگی یه‌كه‌م.
وتیشی: ״بۆ ئه‌مساڵ ژماره‌یه‌كى زۆر له خێزانه‌كان په‌یوه‌ندییان پێوه كردووین تاوه‌كو منداڵه‌كانیان له خوێندنگه حكوومییه‌كانه‌وه بگوازنه‌وه بۆ ناحكوومییه‌كان، چونكه نایانه‌وێت خوێندنى منداڵه‌كانیان بفه‌وتێت، دایك هه‌بووه ئاڵتوونى خۆى فرۆشتووه بۆ ئه‌وه‌ى منداڵه‌كه‌ى له یه‌كێك له‌و خوێندنگەیانه بخوێنێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ند بێت ئاڵتوون نافرۆشێت.״
ئاژانس