به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌ك كه په‌رله‌مانتارێك و سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی بڵاویانكردۆته‌وه “ته‌واوى ڕاپۆرته‌كانى وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كان سه‌باره‌ت به هه‌نارده‌كردن و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت هه‌ڵه‌ن”، ئاشكراشى ده‌كه‌ن “ماوه‌ى دوو ساڵه حكومه‌تی هه‌رێم له تواناییدایه له مانگێكدا دووجار موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بدات”.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه له نوسینگه‌ی سلێمانی په‌رله‌مانی كوردستان، هه‌ریه‌كه له ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان “شێركۆ حه‌مه‌ئه‌مین” و سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی “غالب محه‌مه‌د” كه هه‌ردووكیان سه‌ر به بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانن توێژنه‌وه‌یه‌كیان به‌ناونیشانی “نه‌وت دیار و داهات نادیار، به‌ڵگه‌نامه ڕه‌شه‌كانی مه‌له‌فی نه‌وت له هه‌رێمی كوردستان” له‌به‌رده‌م ڕۆژنامه‌نوساندا بڵاوكرده‌وه.
“شێركۆ حه‌مه‌ئه‌مین” ڕایگه‌یاند “كه‌رتی نه‌وت له‌بری بوژانه‌وه‌ی سێكته‌ره‌كانی دیكه‌ی وه‌ك بازرگانی و كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار، بۆته‌هۆی داته‌پینی ئه‌و سێكته‌رانه و كاریگه‌ری له‌سه‌ر پرۆسه‌ی دیموكراسیش دروستكردووه”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد “نه‌وت بۆته نه‌علیه‌تی بۆ هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ره‌و هه‌ژاری و برسێتی بردووه و ناتوانرێت ڕوبعه موچه‌ش دابین بكرێت”.
له‌باره‌ى ڕاپۆرته‌كانی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كانیش له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنان و داهاتی نه‌وت، “شێركۆ حه‌مه‌ئه‌مین” وتی “ئه‌و داتایانه دروست نین و ته‌واوی پێشبینییه‌كانی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كان سه‌باره‌ت به هه‌نارده‌كردن و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت هه‌ڵه‌بووه”.
هاوكات سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی “غالب محه‌مه‌د” ڕایگه‌یاند “له مانگی 3ی 2014 هه‌تاوه‌كو مانگی 7ی 2016 داهاتی نه‌وتى هه‌رێم 31 ملیار دۆلار بووه، حكومه‌ت ده‌یتوانی له‌مانگێكدا دووجار موچه بدات و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا هێشتا پاره‌ی دیكه ده‌مایه‌وه، بۆیه نه‌دانی موچه له‌بنه‌ڕه‌تدا به‌هۆی نه‌بوونی پاره نییه، به‌ڵكو داهاتی نه‌وت دیار نییه”