بەئامانجی راكێشانی سەرمایەی بیانی و هاندانی وەبەرهێنەران بۆ وەبەرهێنان لەكەرتی كشتوكاڵدا، وەزارەتی كشتوكاڵ لە هەوڵی وەرگرتنی قەرزدایە بۆ پێنج پرۆژەی كشتوكاڵی لە بانكە نێودەوڵەتییەكان.
ئەو پێنج پرۆژەیەی وەزارەتی كشتوكاڵ دەیەوێ قەرزی بۆ وەربگرێ بریتین لە كڕینی 40 هەزار مانگای شیردەر بۆ 4000 جووتیار، دامەزراندنی كارگەی شیرەمەنی لە شارەكان بۆ كڕینەوەی بەرهەمەكانیان، تەواوكردنی پرۆژەی ماسیی تیلاپیا لە هەولێر، دروستكردنی 10 كێڵگەی پەلەوەر و كارگەیەكی ئالیك و پرۆژەیەكی هەڵهێنەر لە گەرمیان، هەروەها دروستكردنی 18 كۆگای ساردكەرەوە بۆ هەڵگرتنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان و گەشەپێدانی پرۆژەیەكی بەخێوكردنی نەعامە لە هەولێر.
د.ئەنوەر عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، دەڵێت “ئەو پێنج پرۆژەیە پێویستیان بە 500 ملیۆن دۆلارە، رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی باڵای ئابووریی هەرێمی كوردستانمان بۆ قەرزەكە وەرگرتووە”.
بە وتەی د.ئەنوەر، هەریەك لە هەنگاریا، چیك و بیلاڕوسیا ئامادەییان بۆ دابینكردنی قەرزەكە نیشانداوە، لەسەر ئاستی كەرتی تایبەتیش چوار كۆمپانیای ئیتاڵی، ئەڵمانی، فەرەنسی و ئیماراتی ئامادەن پرۆژەكان جێبەجێ بكەن.
د.ئەنوەر عومەر دەڵێت “لە گفتوگۆی بەردەوامداین لەگەڵ ئەم لایەنانە، بەڵام تاوەكو ئێستا لەگەڵ هیچ لایەنێكیان نەگەیشتووینەتە بڕیاری كۆتایی، چونكە بەشێكیان داوای دڵنیایی و دەستەبەری لە بانكی ناوەندیی عێراق دەكەن كە ئێمە ناتوانین ئەو مەرجە جێبەجێ بكەین. بەشێكیشیان داوای رێژەیەكی زۆری سوود بۆ قەرزەكە دەكەن”.
مەرجێكی دیكەی وڵاتانی قەرزدەر ئەوەیە كۆمپانیاكانی وڵاتی خۆیان پرۆژەكە جێبەجێ بكەن، بەڵام د.ئەنوەر دەڵێت “ئەوەشیان زەحمەتە، چونكە بۆ نموونە پرۆژەی ماسیی تیلاپیا، لەلایەن كۆمپانیایەكی نەرویجی جێبەجێ دەكرێ”. گوتیشی “بۆیە ئێستا دەمانەوێ پرۆژەی كڕینی مانگا بۆ جووتیاران جێبەجێ بكەین كە بۆ هەموو قۆناغەكان 400 ملیۆن دۆلاری پێویستە”.
لە زۆربەی وڵاتاندا گرنگییەكی تایبەت بە كەرتی كشتوكاڵ دەدرێ و بودجەیەكی باشی بۆ تەرخان دەكرێ، بەڵام لە كوردستان بودجەی وەزارەتی كشتوكاڵ لە دوای زۆربەی وەزارەتەكانی دیكەوە دێت.
د.سەباح سابیر خۆشناو، مامۆستا لە كۆلێژی بەڕێوەبردن و ئابووری لە زانكۆی سەڵاحەددین، دەڵێت “لە یەكەم كابینەی حكومەتەوە تائێستا بڕی تەرخانكراوی بودجە بۆ كەرتی كشتوكاڵ لە باشترین حاڵەتدا 4%ی بودجەی گشتی تێنەپەڕیوە، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی راسپاردەكانی UN پێویستە بودجەی تەرخانكراو بۆ كشتوكاڵ لە 10%ی بودجەی گشتی كەمتر نەبێت، ئەمە بەڵگەیە بۆئەوەی حكومەت وەك پێویست گرنگی بە كەرتی كشتوكاڵی نەداوە”.
لە دوای دەرچوونی یاسای وەبەرهێنان لە پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2006دا 760 پرۆژەی وەبەرهێنان بەسەرمایەی 47 ملیار و 361 میلۆن دۆلار مۆڵەتیان وەرگرتووە. د.سەباح خۆشناو دەڵێ “لەكۆی ئەو 760 پرۆژەیە، تەنیا 30 پڕۆژەیان كشتوكاڵین، لەوانەش بەشێكی كەمیان جێبەجێ كراون، بەڵام بەپێی ستانداردی جیهانی دەبووایە 190 لەو پرۆژانە لە بواری كشتوكاڵ بوونایە و سەرمایەكەشیان 11 ملیار دۆلار بووایە”.
د.سەباح خۆشناو وتی “ئەگەر ئێمە پرۆژەكانی وەبەرهێنان لەكەرتی كشتوكاڵ بكەینە پێوەر، بۆمان دەردەكەوێت حكومەت لە راكێشانی سەرمایەی بیانی بۆ وەبەرهێنان لە كەرتی كشتوكاڵ سەركەوتوو نەبووە”.
بەپێی ئاماری فەرمانگەی لێكۆڵینەوە و زانیاری كە وێنەیەكی دراوەتە (رووداو)، لەو 30 پرۆژەیەی كشتوكاڵ تەنیا هەشت پرۆژەیان 100% تەواوكراون. شەش پرۆژەی دیكە 60%یان تەواو بووە، سێ پرۆژە 10% و 13 پرۆژەش هەر جێبەجێ نەكراون.
د.ئەنوەر دەڵێت “بەشێوەیەكی گشتی سەرمایەداران كەمتر ئارەزووی وەبەرهێنانیان لە كەرتی كشتوكاڵدا هەیە، چونكە ئەو كەرتە تاوەكو دەگاتە بەرهەم پێویستی بە كاتێكی زۆرە، لەو ماوەیەشدا مەترسی تووشبوون بەنەخۆشی، لەناوچوون و مردنیش زۆرە. كاتێكیش پێدەگات ساغكردنەوە و بازاڕی پێویستە”.
د.ئەنوەر پێیوایە بەشێكی هۆكارەكە خودی وەزارەتی كشتوكاڵە “چونكە ئێمەش كەمتەرخەمیمان هەبووە، نەمانتوانیوە رۆتین كەم بكەینەوە و بەزووترین كات زەوی پێویست لە شوێنی گونجاو بۆ پرۆژەكان تەرخان بكەین. یاسای وەزارەتیش زۆر كۆنە و بۆ سیستەمی سۆشیالیستی گونجاوە نەك ئەوەی ئێستا”.
حوسێن حەمەكەریم، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان لە هەرێمی كوردستان، دەڵێت “بەجێبەجێكردنی ئەو چەند پرۆژەیە، هەنگاوێكی باش دەچینە پێشەوە لە دابینكردنی بەشێك لە پێویستییە خۆراكییەكان. لەوانەشە ئەمە ببێتە هەنگاوێك بۆ برەودان بە كەرتی كشتوكاڵ و راكێشانی سەرمایەی بیانی و سەرنجی كۆمپانیا بیانییەكان بۆ جێبەجێكردنی پرۆژە كشتوكاڵییەكان لە هەرێمی كوردستان”.
پسپۆڕانی ئابووری دەڵێن راكێشانی سەرمایەی بیانی بۆ پرۆژەكانی وەبەرهێنان كۆمەڵێك ئاستەنگ و سەركێشی تێدایە، بۆیە پێش گرێبەستكردن پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ كەڵكی ئابووریی پرۆژەكان بكرێ.
د.سەباح خۆشناو، شارەزای ئابووری دەڵێت “وەبەرهێنەرانی بیانی زۆر جار بۆ دڵنیابوون و گەڕانەوەی پارەكانیان لەكاتی خۆیدا زۆر مەرجی گران دادەنێن، یان داوای دڵنیایی و سوودی ساڵانەی زۆر دەكەن، بۆیە پێویستە وەزارەتی كشتوكاڵ وریایانە مامەڵە لەگەڵ كۆمپانیاكان بكات و خۆی نەخاتە ژێر باری قەرزێك كە لەداهاتوودا نەتوانێ لەكاتی خۆی بیداتەوە”.
18 هەزار هەلی كار
بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، ئێستا 153 هەزار جووتیار سەرقاڵی كشتوكاڵن. د.ئەنوەر عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی كشتوكاڵ دەڵێت، ئەگەر بتوانن قەرز بۆ پرۆژەی بەخێوكردنی 40 هەزار مانگا وەربگرن، ئەوا 18 هەزار هەلی كار بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەڕەخسێ و كوردستانیش بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەكان دەگاتە ئاستی خۆبژێوی كە ئێستا 46%ی لە دەرەوە هاوردە دەكات.