ئەحمەد حاجی رەشید: هەندێک وردەکاری لەسەر پڕۆژە یاسای بوودجەی عێراق ئاشکرا دەکات


بوودجەی پێشبینیکراوی ساڵی ٢٠١٧ی عێراق کە رۆژی دووشەممەی رابردوو لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا بە زیاتر لە ٩٥ ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە و پشکی ١٧% ی ھەرێمی کوردستانی تێدا جێگیرکراوە.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەحمەد حاجی رەشید دەڵێت لە پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠١٧ی عێراقدا چەند بڕگەیەکی مەترسیدار لەسەر ھەرێمی کوردستان دانراوە کە ھەرێم ناتوانێت پابەند بێت پێیەوە و نایەوێت ئەو بڕگانە جێبەجێ بکات.

 لە بوودجەی ئەمساڵدا نرخی نەوت بە ٤٢ دۆلار بۆھەر بەرمیلێک خەمڵێنراوە، ڕێژەی ھەناردەی نەوتیش لە رۆژێکدا ٣ ملیۆن و ٧٥٠ ھەزار بەرمیلە، لەگەڵ ٣٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی کەرکوک و ٢٥٠ ھەزار بەمیل نەوتی رۆژانەی ھەرێمی کوردستان.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەحمەد حاجی رەشید لەو بارەیەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند “پڕۆژە یاسای بوودجەی ٢٠١٧ی عێراق لەسەدا ٩٠ی کۆپی پەیستی بوودجەی ساڵی ٢٠١٦ و ئەویش ھی ساڵی ٢٠١٥یە ، ئەوەی ھەیە تەنھا کۆمەڵێک ژمارە و داتا زیاد و کەمیان پێکراوە، بەنموونە رێژەی ھەناردەی نەوت زیادی کردووە بەڵام ھەندێکی تر لەوانە ئیراداتی غەیرە نەوتی کەمی کردووە، لەکاتێکدا ھەموو خەرجییەکان لە ١٠٥ ترلیۆنەوە ھاتووەتە سەر ١٠٠ ترلیۆن دینار”.

حاجی رەشید لە بارەی کورتھێنانی بوودجەوە وتی: “بڕی کورتھێنان لە بوودجەکەدا ساڵی رابردوو ١٩ ترلیۆن بوو ئێستا ھاتووەتە سەر ٢١ ترلیۆن دینار، لەکاتێکدا لەکاتی سەرەتای یەکەم نوسخەی بوودجە ٣٤ ترلیۆن بووە”.

ئەو پەرلەمانتارە کوردە کە ھاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانە لە بارەی پشکی ھەرێم لە بوودجە و ئەو مەرجانەی لەسەر ھەرێمی کوردستان سەپێندراوە، وتی:” پشکی ھەرێمی کوردستان دانراوەتەوە بە ١١ ترلیۆن، بەو مەرجەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رۆژانە ٥٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت و داھاتە ئیتیحادییەکان رادەست بکات” .

ئەو وتی: “یەکێک لەو بڕگە مەترسیدارانەی لەناو پڕۆژەی بوودجەدا دانراوە دەبێت ھەرێمی کوردستان ھەر بڕە نەوتێکی زیادەی ھەبوو لە ٥٥٠ ھەزار بەرمیلەکە رادەستی حکوومەتی ئیتیحادی بکاتەوە، بۆیە بە بڕوای من حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نە دەتوانێت پابەند بێت بەو یاسای بوودجەیەوە، ھەروەھا نە دەشیەوێت پابەندی بکات پێیەوە، پابەند بوونیشی واتە پاشگەز بوونەوە لەو گرێبەستە نەوتیانە یان لەو ھاوبەشییەی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان کردوویەتی، بۆیە تووشی گەورەترین غەرامە و دادگایی کردن دەبێتەوە”.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باس لە مەترسی کەمبوونەوەی یەدەگی دراوی عێراقی کرد و وتی: “یەدەگی دراوی عێراقی بە قۆناغێکی زەمەنیدا تێپەڕیوە و لە ٢٠١٣ دا ٨٤ ملیار دۆلار یەدەگی نەوتی بووە، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە کەمتر لە ٥٠ ملیار دۆلار واتە نزیکەی ٣٤ ملیار دۆلار کەمی کردووە کە زۆربەی زۆری بە بۆنەی مەزاداتی دراوەوە بووە کە یەکێکە لە دەرچەکانی گەندەڵی لە عێراقدا، بۆیە پێویستە عێراق چاوبە سیستەمی نەقدی خۆی بگێڕێتەوە ئەگینا ھێندەی تر ئەو یەدەگە کەمتر دەکات و وڵاتەکە دووچاری گرفت دەبێتەوە”.

ئەو ئاماژەی کرد بەوەی شەڕی ئێستا دژی داعش و رزگارکردنەوەی مووسڵ رۆژانە تێچووی زۆر لەسەر عێراق ھەیە کە حکوومەت ئاشکرای ناکات، ھەروەھا ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەش لە دوای رزگارکردنەوەی بوودجەیەکی گەورەی دەوێت، ئەوەش عێراق دەخاتە ژێر قەرزێکی نێودەوڵەتییەوە.