عیزه‌ت سابیر: بایكۆت چاره‌سه‌رنه‌كرێت داهاتێكی دیكه‌ له‌ده‌ست ده‌چێت


.سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ته‌واو له‌گه‌ڵ داواكارییه‌كانی فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانیم له‌باره‌ی پێدانی مووچه‌كانیانه‌وه‌، به‌ڵام بایكۆتی ده‌وامی فه‌رمانبه‌رانی سلێمانی مانگانه‌ چه‌ندین ملیۆن دۆلار زیان به‌داهاتی گشتی ده‌گه‌یه‌نێت.

د. عیزه‌ت سابیر سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌په‌رله‌مانی كوردستان پشتگیری ته‌واوی خۆی بۆ داواكردنی مافه‌ داراییه‌كانی فه‌رمانبه‌ران و مامۆستانی سنووری پارێزگای سلێمانی ده‌ربڕی و بایكۆتی ده‌وامی به‌مافێكی ره‌وای فه‌رمانبه‌ران زانی، به‌ڵام وه‌ك ئابووری ناسێك ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، بایكۆتی ده‌وامی فه‌رمانبه‌رانی سنووری پارێزگای سلێمانی، به‌تایبه‌ت ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانیان به‌شدارن له‌زیادكردنی داهاتی گشتی، مانگه‌ چه‌ندین ملیۆن دۆلار زیان به‌داهاتی گشتی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌گه‌یه‌نێت.

دووپاتی  كرده‌وه‌ “ئه‌گه‌ر داهاتی خاڵه‌ گومرگییه‌كان و باج و رسوماته‌كانی هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی دروست كۆبكرێته‌وه‌و پاشان به‌پلان به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا دابه‌شبكرێت، دڵنیام به‌شی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی گشت هه‌رێم ده‌كات، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌خراپی به‌كارده‌هێرنێت و پێویسته‌ حكومه‌ت ئالییه‌تێك بدۆزێته‌وه‌ تا ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییانه‌ بخاته‌وه‌ كار كه‌ داهاتیان هه‌یه‌و پاشان هه‌ر له‌رێگه‌ی داهاتی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییانه‌وه‌ مووچه‌ی مامۆستایان و ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی دیكه‌ بدات كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانیان داهاتی نیه‌”.

 د.عزه‌ت سابیر راشیگه‌یاند: به‌رده‌وامی كاری فه‌رمانبه‌رانی گومرگ و ده‌روازه‌كانی سنووری پارێزگای سلێمانی جێی ده‌ست خۆشیه‌، ئه‌گه‌ر نا حكومه‌ت ئه‌و داهاته‌شی له‌ده‌ست ده‌چوو، به‌ڵام كار گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ پسوڵه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی گومرگ روو له‌ته‌واو بوون ده‌كه‌ن و فه‌رمانبه‌رانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاپه‌مه‌نییه‌كانیش به‌هۆی دواكه‌وتنی مووچه‌كانیانه‌وه‌ بایكۆتی ده‌وامیان راگه‌یاندوه‌ كه‌ بێگومان مافی خۆیانه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌ت چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌ نه‌دۆزرێته‌وه‌ پێده‌چێت حكومه‌ت ئه‌و داهاته‌ش له‌سلێمانی له‌ده‌ستبدات.
 
pukmidea