له‌مه‌رزی په‌روێزخان کێشه‌ بۆ هاتوچۆی بازرگانان دروسبووه‌


له‌دوای گۆڕانکاریکردن له‌ ئاڵوگۆڕی سه‌ربازی ئێرانیدا له‌ناو مه‌رزی په‌روێزخاندا له‌ئێستادا کێشه‌ بۆ بازرگانان دروستبووه‌ که‌ له‌دوای کاتژمێر ٣ وه‌ ناهێڵدرێت ئۆتۆمبێل بێته‌ کوردستانه‌وه‌.

ئه‌حمه‌د که‌لاری ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی ڕایگه‌یاند” سه‌ربازه‌کانی مه‌رزی په‌روێزخان له‌ سنوری ئێرانه‌وه‌ له‌دوای ئاڵوگۆڕکردنیان له‌ ئێستادا ئاسته‌نگێکی زۆر و کێشه‌بۆ شۆفێران و بازرگانان دروستبووه‌ که‌ ئه‌و سه‌ربازانه‌ له‌دوای کاتژمێر ٣ وه‌ ناهێڵن هیچ ئۆتۆمبێلێکی بارهه‌ڵگری بێته‌ کوردستانه‌وه‌ که‌ئه‌مه‌ش بۆته‌ نیگه‌رانی بازرگانان”

ڕاشی گه‌یاند” ته‌نها له‌ڕۆژی ٢٦/١٠ ڕێگه‌ گیراوه‌ له‌ ٤٠ سایلۆی ئێرانی که‌ نه‌چنه‌وه‌ بۆ ناو خاکی ئێران وه‌ ئێمه‌ تا ئێستا نه‌مان زانیوه‌ هۆکاری ئه‌و بڕیاره‌ چیه‌ بۆ ناهێڵدرێت له‌دوای کاتژمێر ٣ وه‌ ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر هاتوچۆ نه‌کات”

ئه‌ندامه‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی ئه‌وه‌شی ڕونده‌کاته‌وه‌” ئێمه‌ ڕێکه‌وتنی  بازرگانی له‌ نێوانماندا هه‌یه‌  وه‌ نازانین بۆ ئه‌و سه‌ربازانه‌ ئه‌و کاره‌ ده‌که‌ن و په‌یوه‌ست نین به‌و ڕێکه‌وتنمان وه‌ئێمه‌ قونسوڵیه‌تی ئێران و ژووری بازرگانی کرماشان و پارێزگاری کرماشانمان ئاگادار کردۆته‌وه‌  که‌ هۆکاره‌کان چیه‌ به‌ڵام وه‌ڵام نه‌دراوینه‌ته‌وه‌ تا ئێستا نازانین ئه‌م کاره‌ بۆ ده‌کرێت”

ژوری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی له‌ماوه‌ی ڕابردودا پرۆتۆکۆڵی بازرگانی له‌نێوان سلێمانی و کرماشان واژۆکرد.