د.فواد مەعسوم: عیراق پشت بە نەوت دەبەستێت‌و پێویستی بەوەیە لەم كاتەدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت كەم نەكاتەوە


د.فواد مەعسوم سەرۆك كۆماری عیراق رایدەگەیەنێت: وڵاتەكەی پشت بە هەناردەكردنی نەوت دەبەستێت‌و پێویستی بەوەیە، لەم كاتەدا كە شەڕی داعش دەكات، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت كەم نەكاتەوە.

د.فواد مەعسوم سەرۆك كۆماری عیراق لە كۆشكی سەلام پێشوازی لە محەمەد باركیندۆ ئەمینداری گشتی رێكخراوی ئۆپیك كرد‌و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: كە ئۆپیك لەساڵی 1960 لە بەغدا دامەزراوە‌و عیراقیش ئەندامی دامەزرێنەر‌و سەرەكی ئەو ڕێكخراوەیە.

وتیشی: عیراق بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بەهەناردەكردنی نەوت دەبەستێت، لەم كاتەشدا كە لەجیاتی هەموو جیهان شەڕی داعش دەكات، پێویستی بەوە هەیە كە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت كەم نەكاتەوە.

لای خۆشیەوە محەمەد باركیندۆ ئەمینداری گشتی رێكخراوی ئۆپیك تەئكیدیكردەوە: كە عیراق رۆڵێكی كاریگەری لەنێو ئۆپیكدا هەیە‌و پێویستە بەیەكەوە كار بكەین، بۆ دەركردنی چەند بڕیارێك كە پشتیوانی لە نرخی نەوت بكات.

باركیندۆ بەمەبەستی بەدەستهێنانی پشتیوانی عیراق، بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، رۆژی 25ی ئەم مانگە گەیشتە شاری بەغدا‌و هەمان رۆژ لەگەڵ جەبار لعێبی وەزیری نەوتی عیراق كۆبوەوە‌و تیایدا لعێبی داوای لە ئەمینداری ئۆپیك كرد، كە بارودۆخی عیراق لەبەرچاو بگرن‌و وڵاتەكەی لە ڕێككەوتنی كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت ببەخشن. خواستی وڵاتەكەشی ئاشكراكرد، كە دەیەوێت بەرهەمهێنانی نەوت لە ئاستی ئێستایدا سنوردار بكرێت، كە 4 ملیۆن‌و 774 هەزار بەرمیلە لەرۆژێكدا.