وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێم، ئەمساڵ نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش ناكات، بەو هۆیەشەوە پسوڵەی ژمارە 25 كە بەبڕی 2 هەزارو 500 دینار داویەتی بەهاوڵاتیان كاری پێناكرێت.
محەمەد حەسیب بەڕێوەبەری نەوتو كانزاكانی سلێمانی رایگەیاند: لەبەر ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئەمساڵ ناتوانێت نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیان دابین بكات، بۆیە 30 ملیۆن لیتر نەوت لە بەغداوە دانراوە بۆ پارێزگای هەڵەبجەو سلێمانی، بەڵام تاوەكو ئێستا نزیكەی 12 هەزار لیتری هاتووە.
وتیشی: ئەو نەوتە لەلایەن كۆمپانیاوە دابەش دەكرێتو ئەو كۆمپانیایەش گرێبەستی لەگەڵ ئێمەو بەغدا ئیمزاكردووە، كە بۆ هەر بەرمیلێك نەوت بڕی 48 هەزار دینار وەربگرێت، كە 5 هەزار دیناری بۆ كۆمپانیاكە دەبێت، لەبەرامبەر ئەوەی دەچێت نەوتەكە لە بەغدا دەهێنێت.
بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد: پسووڵەی ژمارە 25 كاری پێناكرێت، ئەوەی كاری پێدەكرێت كارتی زیرەكە، كە بەبڕی 9 هەزار و 500 دینار دراوە بە هاوڵاتیان.
وەزارەتی سامانە سروشتیەكان ساڵی رابردوو پسوڵەی نەوتی ژمارە (25)ی دابەشكرد و بڕی 2 هەزار و 500 دیناری لە هاوڵاتیان وەرگرت، بەڵام هەر ئەو وەزارەتە ئەمساڵ ئەو پسوڵەیەی رەتكردوەو پسوڵەیەكی نوێی بەناوی كارتی زیرەكەوە دابەشكرد، كە نرخی هەر كارتێك 9 هەزارو 500 دینارە، بەڵام دوای وەرگرتنی پاری دوو پسوڵەی نەوت، تائێستا نەوت دابەش نەكراوەو كەسیش نازانێت وەزارەتی سامانە سروشتیەكان چی لەو پارەیە كردوەو بۆ چ مەبەستێك خەرجیكردووە.