پیشەسازی چیمەنتۆ و کاریگەریی لەسەر ئابووریی کوردستان


ئەگەر چی کەرتی پیشەسازی چیمەنتۆ بە کەرتێکی گرنگ لە ئابووریی نیشتمانیدا دادەنرێت، بەڵام ئەو کەرتە لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی چەندین بەربەست بووەتەوە و بووەتە هۆکارێک، کە ئاستی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان سنووردار بێت.

لەدوای کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ قۆناخێکی نوێ دێتە پێشەوە؛ “قۆناخی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە رزگارکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش”، بۆ ئەو قۆناخەش، پیشەسازی چیمەنتۆ رۆڵی سەرەکی لە بونیادنانەوەی ئەو ناوچانە دەبینێت.

لە رووی بەرهەمهێنانی ئەو کەرەستە پیشەسازییەوە، کارگەکانی هەرێمی کوردستان توانای دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی ناوخۆیی و هەناردەکردنی بەشێکیش لە بەرهەمەکەیان هەیە بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.

لە هەرێمی کوردستان حەوت کارگەی گەورەی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ هەیە، کە بریتین لە کارگەکانی گاسن، بازیان سیمینت، تاسڵوجە، ماس سیمینت، دەلتا، کار و سنجار.

هەریەکە لە کارگەکانی “گاسن، بازیان، تاسڵوجە و دەلتا” ئاستی بەرهەمی رۆژانەیان 6 هەزار تۆنە، ئەوە لەکاتێکدایە بەرهەمی ماس سیمینت 18 هەزار تۆنە و هەریەکە لە کارگەکانی کار و سنجار لە قۆناخی دروستکردندان.

کارگەکانی هەرێمی کوردستان رۆژانە 42 هەزار تۆن چیمەنتۆ بەرهەمدەهێنن، کە ساڵانە 15 ملیۆن و 120 هەزار تۆن دەکات.

کارگەکانی كوردستان توانای پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆییان هەیە، لەهەمان کاتدا 60% بەرهەمەکانیان هەناردەی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکەن، کە داهاتی ساڵانەیان دەگاتە 423،360،000 دینار.

لەگەڵ گەشەکردنی کارگەکانی چیمەنتۆ لە باشووری کوردستان خواست لەسەر چیمەنتۆی هاوردەکراو لە تورکیا و ئێران کەمبووەتەوە.