ئاشته‌ هه‌ورامی: ئێمە پێشبینیمان بۆ هەناردەکردنی نەوت باشبوو


 وەزیری سامانە سرووشتییەکان لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی شەشەمین دیداری مێری لە ھەولێر رایگەیاند، رێککەوتن لەگەڵ بەغدا چارەسەری قەیرانی دارایی ناکات.

دوای نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە ٢٥-١٠-٢٠١٦ شەشەمین دیداری ئینستیتوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) لە شاری ھەولێر دەستیپێکرد، کە ماوەی سێ رۆژ دەخایێنیت.

ئاشتی ھەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستان کە لە پانێڵی یەکەمی دیدارەکە بەشداربوو گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، “ئێمە وەک وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کارمان بۆ ئەوە دەکرد کە ساڵی ٢٠١٦ ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان رۆژانە بگەیێنینە ئاستی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت”.

وەزیری سامانە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە پێشبینیمان بۆ ھەناردەکردنی نەوت باشبوو، بەڵام ئەو قەیرانە داراییەی ئێستا ھەیە بەشێکی پەیوەندی بە دابەزینی نرخی نەوتەوە ھەیە و ئەوانی دیکە پەیوەستن بە بابەتی دیکەوە کە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، بەڵام گللەییەکی زۆر لە ئێمە دەکرێت .

ئاشتی ھەورامی ھەروەھا وتی، دۆخی نەوت و قەیرانەکانی بەرەو خراپتر دەڕۆن و پێناچێت نرخی نەوت بگەڕێتەوە ئاستی جارانی کە ١٠٠ دۆلار بوو، ئێمە لەساڵی ٢٠١٠ لەگەڵ بەغدا رێککەوتنێکمان کرد بۆ ئەوەی نەوتی کوردستان کە رۆژانە ٦٠ ھەزار بەرمیل بوو لەڕێگەی کەرکووکەوە ناردمانە بەغدا و سێ مانگ پارەکەیان بۆ رەوانەکردین و دواتر بەغدا پارەکەی نەنارد و ھەردوولا ئەو رێککەوتننەمان ھەڵوەشاندوە.

لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ تورکیا بۆ ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، وەزیری سامانە سرووشتییەکان گوتیشی” ئێمە وەک حکومەتی ھەرێمی کوردستان ساڵی ٢٠١٢ لەگەڵ حکومەتی تورکیا دەستمانکرد بە گفتوگۆ بۆ ھەناردەکردنی نەوت و لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٣ گەیشتینە رێککەوتن و لەماوەی ساڵی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٤ دەستمانکرد بە راکێشانی بۆری نەوت و ویستمان دەستبکەین بۆ بەرھەمھێنان حکومەتی عێراق بە بڕیاری نووری مالیکی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستانی ھەموو بڕی.

ئاشتی ھەورامی دەشڵێت” حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەمانگی ٥ی ساڵی ٢٠١٤ دەستیکرد بە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیھان و دوای دوومانگ شەڕی داعش دەستیپێکرد، ژمارەیەکی زۆری ئاوارەش ھاتوون و دوای ئەوەش نرخی نەوت لە بازاڕی جیھاندا دابەزی و ئێمە لەیەککاتدا تووشی سێ شۆکی گەورەبووین بە بڕینی بودجە لەلایەن بەغدا و ھاتنی داعش و دابەزینی نرخی نەوت”.

سەبارەت بە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، وەزیری سامانە سرووشتییەکان گوتیشی” ئێستا حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە گێڵگەی نەوتییەکاندا رۆژانە ٦٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات کە ٥٢٠ ھەزار بەرمیل دەچێتە بەندەری جەیھان و ٨٠ ھەزار بەرمیلیش بۆ کاروباری نێوخۆ بەکاردەھێندرێت و ھاوکات ھەریەک لە کێڵگەکانی ئەلقووش و جەبەل قەند و  چەند کێڵگەیەکی دیکە سنووریان لەگەڵ داعشە و کارکردن تێیاندا وەستاوە”.