بودجە لەپەرلەمانەو عیراق بەمەرج مووچەی هەرێم دەنێرێت

 
پرۆژە یاسای بودجەی 2017ی عیراق گەیشتە پەرلەمان و بەپێی پرۆژەكەش ئەگەر هەرێم بڕی 550 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەڕێی بەغداوە هەناردە بكات ئەوا بودجەو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە دەكرێت.

رۆژی 2016/10/23 پرۆژە یاسای بودجەی 2017ی عیراق لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە گەیشتە پەرلەمانی عیراق، بەوتەی محەمەد عەبدولقادر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراقیش بودجەی ساڵی 2017ی عیراق بە 100 ترلیۆن دینار دانراوەو 21 ترلیۆن دینار كورتهێنانی تێدایەو هەر بەرمیلێك نەوتیش بە 42 دۆلار دیاریكراوەو رۆژانە بڕی سێ ملیۆن و 750 هەزار بەرمیل نەوت بەوەی هەرێمەوە هەناردەی دەرەوە دەكرێت.

محەمەد عەبدولقادر ئەوەشی راگەیاند: لەناو پرۆژەی بودجەی 2017ی عیراقدا ئەگەر هەرێمی كوردستان رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ)وە هەناردە بكات، ئەوا بودجەو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە دەكرێت.

وتیشی:سبەینێ لەپەرلەمان پرۆژە یاسای بودجە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دەكرێت و دوای دوو هەفتەی تریش خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەكرێت و گفتوگۆ لەسەر ناوەرۆكی پرۆژە یاساكە دەكرێت و ئەگەری ئەوە هەیە تا كۆتایی مانگی داهاتوو بودجەی 2017ی عیراق پەسەند بكرێت.

لای خۆشیەوە مەسعود حەیدەر پەرلەمانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند: بەپێی پرۆژەی یاسای بودجەی 2017ی عیراق كە سبەینێ پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دەكات بڕەكەی بە  100 ترلیۆنم و 67 ملیار دینار دانراوەو  25 ترلیۆن و 25 ملیاری بۆ بودجەی وەبەرهێنان و 21 ترلیۆن و 75 ملیاریشی بۆ بودجەی بەكاربدرن دیاریكراوە.

مەسعود حەیدەر دەشڵێت: بەپێی ناوەرۆكی پرۆژەكە كە رۆژانە لەڕێی عیراقەوە بڕی سێ ملیۆن و 750 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكرێت كە 550 هەزاری لەڕێی هەرێمەوە دەبێت، ئەویش  250 هەزاری نەوتی هەرێم و 300 هەزار بەرمیلی نەوتی كەركوك.

ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی دارایی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشداوە كە لەناو بودجەی 2017ی عیراقدا ئەو بڕگانەی ساڵانی پێشوو پەیوەست بەهەرێم وەك خۆی دانراوەتەوەو ئەگەر هەرێم ئەو بڕە نەوتە لەڕێی بەغداوە هەناردە بكات ئەوا پشكی 17% لەبەغدا وەردەگرێت.