وەزارەتی دارایی عێراق داوا لە هەردوو بانکی رەشید و رافیدەین دەکات، رێکارەکانی پێدانی پێشینە (سولفە) 10 ملیۆن دینارییەکە، یەک بخەن.
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دارایی عێراق، کە رۆژی سێشەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2016 بڵاو کراوەتەوە، فازڵ نەبی، بریکاری وەزیری دارایی لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی هەردوو بانکەکە، دوای کردووە رێکارە پێویستەکان لە هەردوو بانکی رەشید و رافیدەین بگیرێنە بەر.
هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، فازڵ نەبی داوای لە بانکی رەشید کردووە، هاوشێوەی بانکی رافیدەین، پیشینەکە بەشێوەی فۆرمی ئەلیکترۆنی و وەرگرتنی گرەنتیی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فەرمانبەران بۆ گەڕاندنەوەی پارەکە، دابەش بکەن.
پێشینەکە دەگاتە 10 ملیۆن دیناری عێراقی بۆ هەر فەرمانبەرێک و لەماوەی پێنج ساڵ و بەشێوازی قیستی مانگانە دەدرێتەوە. هەروەها فەرمانبەرانی هەموو پارێزگاکانی عێراق بە پارێزگای کەرکووکیش لە کوردستانی باشوورەوە، دەگرێتەوە.
پێشتر عەبدولقادر محەمەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راگەیاندبوو، حکوومەتی عێراقی رەزامەندیی نیشان داوە لەسەر پێدانی قەرز بە فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان و لارییان نییە، بەڵام کێشە لەسەر میکانزمی گەڕانەوەی قەرزەکان ھەیە.
ئەو وتی: “ھەوڵمان لەگەڵ حکوومەتی عێراق دا، بەرپرسانی عێراق پێیان گوتووین رازین، بەڵام داوای زەمانەت دەکات لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکان، کێشەکە لەسەر ئەو زەمانەتەیە”.