ئێران و سووریا پێوەندی جیۆپۆلیتیك و سەربازییان لەگەڵ یەكتردا هەیە، بەڵام گۆڕانكارییە ئابوورییەكانی نێوان تاران و دیمەشق كەمتر باسی لێوە كراوە، گۆڕانكاری لە پێوەندییە ئابوورییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەتوانێت كاریگەریی درێژخایەنی بۆ سەر زاڵبوونی ئێران بەسەر ئابووریی سووریادا هەبێت.
یارمەتییە دارایی، سەربازی و وەبەرهێنان و هەموو ئەو ئەركانەی ئێران لە سووریا جێبەجێیان دەكات، بەرچاوە و پرسیار ئەوەیە ئەگەر حكوومەتی عەلەوی سووریا لە دەسەڵات نەمێنێت، ئێران بە چ شێوەیەك ئەو قەرزانەی وەردەگرێتەوە.
پلانی ئێران لە سووریا پلانێكی درێژخایەنە و گەرەنتی ئەوە دەكات رژێمی بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە یان نەمێنێتەوە، ئەوا دەبێت سووریا ئەو قەرزانە بگەڕێنێتەوە، ئەوەی ئێران لە دوای هێرشی ئەمەریكا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ كردی بە هەمان شێوە بوو.
جیاوازییەكە لەوەدایە كە ئێران ئێستە لە سووریا خەریكی كڕینی زەوییە و هەندێك لە دانیشتووانی سووریا باسیان لەوە كردووە كە ئێران هەندێك لە گەڕەكەكانی بە تەواوی كڕیوە و ئەوەش لە داهاتوودا دەسەڵات و رۆڵی ئێران لە سووریا زیاتر بەرجەستە دەكات.
جیاوازییەكی تر ئەوەیە وەبەرهێنان لە سووریا تەنیا بە ناوبژیوانی ئەسەد ئەنجام نادرێت، بەڵكو هەندێك لە وەبەرهێنانەكان بە هاوكاری ئەو هێزە شیعانە دەكرێت كە لە سووریا چالاكییان هەیە. لەدوای ئەو شەڕە ناوخۆیییەی رووی لە سووریا كرد، ئێران سوودێكی زۆری ئابووری بینیوە و زۆرێك لە بەرهەمەكانی بە داشكانی ٦٠%ی خەرجی باجی گومركی هەناردەی سووریا دەكرێن.
بەر لە لاچوونی سزا ئابوورییەكان بۆ سەر ئێران، قەبارەی بازرگانی ئێران لەگەڵ رووسیاش نۆ ملیار دۆلار بوو، بەڵام دوای رێككەوتنی ناوكی قەبارەكە بۆ ٢٠ ملیار دۆلار لە ساڵدا زیادی كردووە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەوەیە رێك لە دوای ئاڵۆزییەكانی سووریا پێوەندییە ئابوورییەكانی نێوان ئێران و سووریا بەهێزتر بووە و كۆمەڵێك گرێبەستی نوێ لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا ئیمزا كراون كە قەبارەی بازرگانی ئێران لەگەڵ سووریا لە ساڵدا بۆ پێنج ملیار دۆلار بەرز دەكاتەوە.