رێباز محەمەد حەملان وەزیری دارایی و ئابووری (لەکار دوورخراو لەلایەن پارتی دیموکرات) لەمیانی بەشداری کردنی لە بەرنامەیەکی ڕادیۆ نەوادا، تیشكی خستە سەر پرۆسەی چاكسازی ئابووری و سیستمی بایۆمەتری موچەی فەرمانبەران و، وتی “دەبێت سەرەتا چاكسازی لەناو هێزە ئەمنییەكان و وەزارەتەكانی پێشمەرگەدا بكرێت، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كەمترین زانیاری دەدات لەسەر موچەی كارمەندەكانیان، هەروەها دەبێت زۆرترین چاكسازی لە رووی ناوی دووبارەو مووچەوە لەناو وەزارەتەكانی ناوخۆو پێشمەرگەدا بكرێت”.
لەبارەی ئەو گرێبەستەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی دیلۆیت كردی بۆ وردبینی لە داهاتی نەوتی هەرێم، رێباز حەملان وتی “ئەو گرێبەستەی كە كرا هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای نەوت و گاز ئامادەبوون جگە لەمن، بەڵام پێویستە هەموو ئەو گرێبەستانەی پێشتر كراون و گرێبەستی كڕیارانی نەوت بخرێتە بەردەم ئەو كۆمپانیایە بۆئەوەی كاری وردبینی لەسەر بكات، ئەگەر هاتوو كۆمپانیاكە بە وردی و بە شەفافانە كار بكات و ئەنجامەكەی بۆ رای گشتی هاووڵاتیان ئاشكرا بكات كارێكی باشە، بەڵام ئەگەر بەلاڕێدا ببرێت ئەوا سودی نییە، بۆیە چاكسازی بە بەیاننامە دەركردن و گرێبەست ناكرێت، بەڵكو عیبرەت لەجێبەجێكردندایە”.
لەبارەی سیستمی بە ئەلیكترۆنیكردنی مووچەی فەرمانبەران و بایۆمەترییەوە وەزیری دارایی هەرێم وتی “ئەگەر لەبنەڕەتدا بانكەكان سیستماتیك و پێشكەوتوو نەبن ناتوانرێت لیستی مووچە بە ئەلكترۆنی بكرێت، چونكە دەبێت بانكەكان خۆیان بە ئەلكترۆنی بكرێن، لەهەرێم 88 بانك هەن 33یان لە زۆنی سەوزو نیلییە، ئەوانی تری لە زۆنی زەردە هیچ پەیوەندییەكانیان بەیەكەوە نییەو بەهیچ سیتسمێك پێكەوە نەبەستراون، ئەمە یەكێكە لە كێشە گەورەكان”.
لەبەشێكی تردا حەملان وتی “ئێستاش خەڵكانێك هەن گرنگ نییە بەلایانەوە موچە دوادەكەوێت یان نا، چونكە موچەیەكی تری لەبەغدا هەیە، لەو لیوایانەی هەرێم و هێزە ئەمنییەكاندا، هەیە موچەیەكی تری لەبەغدایەو دەبێت لەم سیستمی بایۆمەتریەدا ئەوانە بدۆزرێنەوە”.