ئەم هەفتەیە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهانی بە جێگیری ماوەتەوە و سەرەڕای ئەوەی كە رۆژی پێنجشەم سەرووی ٨٠ سەنت لە نرخی دابەزی، بەڵام لە رۆژی هەینیدا بەرز بووەوە و گەیشتە ٥١ دۆلار و ٩٢ سەنت.
ئەوەی لە بازاڕی نەوت جێگەی سەرنجە ئەوەیە لە چواری مانگەوە نرخی نەوت لە ٥١ دۆلار دانەبەزیوە و لە سەرووی ئەو نرخە فرۆشراوە.
لە ١٨ رۆژی رابردوودا نەوت تا ٥٣ دۆلار و ٧٠ سەنتیش بەرز بووەتەوە كە بەرزترین نرخی بووە لە ماوەی ساڵێكی رابردوودا.
یەكێك لە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بریتی بووە لە ئەگەری دەستێوەردانی رێكخراوی ئۆپێك لە بازاڕی نەوت و دانانی سنوورێك بۆ بەرهەمهێنانەكەی.
هەڵبەت بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و ژمارەی تاوەرەكانی دەرهێنانی نەوت لە ئەمەریكا، چەند هۆكارێك بوون كە لە هەندێك قۆناغدا نرخی نەوتیان دابەزاندووە، بەڵام دابەزینەكە بەرچاو نەبووە و دووبارە ئاسایی بووەتەوە.
ئەگەری بەرزبوونەوە لە رێژەی سوود لە بانكەكانی ئەمەریكا لە كۆتای ئەمساڵدا، بەهای دۆلاری بۆ بەرزترین ئاستی حەوت مانگی رابردوو بەرز كردووەتەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەسوودی هەموو وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتە كە لە دوو ساڵی رابردوو دابەزینی نرخەكەی گوشارێكی زۆری ئابووری خستووەتە سەریان. لە هەرێمی كوردستان كە سەرووی ٩٥%ی داهاتی حكوومەت پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كاریگەریی دەبێت بۆسەر بەرزكردنەوەی بڕی داهات و سووكتركردنی باری تەنگژەی دارایی كە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ەوە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە.
نرخی نەوت پێش سەرهەڵدانی داعش سەرووی ١١٥ دۆلار بوو، بەڵام لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ەوە رووی لە دابەزین كرد و لە سەرەتای ئەمساڵ تا ٢٧ دۆلار دابەزی. مەترسی ئەوە هاتە ئاراوە نرخی نەوت بگاتە خوارووی ٢٠ دۆلار و ئەمەش هۆشدارییەك بوو بۆ وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت هەوڵەكانیان بەگەڕ بخەن هاوكاری یەكتر بكەن لە رێگەگرتن لە بەرهەمهێنانی زیادەی نەوت.