بەرهەمهێنانی ئاسن و کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان


ئەگەر چی کەرتی پیشەسازی بە کەرتێکی گرنگ لە ئابووری نیشتیمانیدا دادەنرێت، بەڵام ئەم کەرتە لە هەرێم کوردستان رووبەڕووی چەندین بەربەست بوەتەوە و بۆتە هۆکارێک کە ئاستی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان سنوورداربێت.

لەدوای کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ، قۆناخێکی نوێ دێتە پێشەوە کە قۆناخی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە رزگارکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی داعشە، بۆ ئەم قۆناخەش کەرتی پیشەسازی رۆڵی سەرەکی دەبینێت لە بونیادنانەوەی ئەو ناوچەیانە، لەڕووی بەرهەمهێنانی شیش، کارگەکانی هەرێمی کوردستان توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەو ناوچەیانەی هەیە، بەڵام کۆمەڵێک بەربەست لەبەردەم کارگەکاندایە، بەرلەوەی باس لە بەربەستەکان بکەین سەرەتا شیکردنەوەیەک بۆ کەرتی ئاسن لە هەرێمی کوردستان دەکەین.

لە پارێزگای هەولێر و سلێمانی 7 کارگەی گەورەی بەرهەمهێنانی ئاسن هەن، کارگەکانی کەرتی پیشەسازی بەردەوام بەشداربوون لەدەستەبەرکردنی هەلی کاربۆ هاونیشتیمانیانی هەرێمی کوردستان و بۆ کرێکارانی بیانیش، کۆی کارگەکانی بەرهەمهێنانی شیش لە هەرێمی کوردستان توانیویانە 2500 تاوەکو 3000 هەلیکار دابین بکەن.

لەڕووی نرخیشەوە بەرهەمی ئاسنی کارگەکانی هەرێمی کوردستان توانای ركابەری بەرهەمەکانی تورکیا و ئۆکرانیای هەیە، بەڵام لەڕووی تێچووی بەرهەمەکەوە بەرهەمی شیشی کارگەکانی هەرێمی کوردستان زیاترە لە تێچووی شیشی ئێران.