كونسوڵی گشتی‌ هه‌نگاریا سه‌ردانی‌ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ده‌كات


هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د چه‌ند داواكارییه‌ك ئاڕاسته‌ی هه‌نگاریا ده‌كات و كونسوڵی‌ گشتیی‌ هه‌نگاریاش له‌هه‌رێم‌ رایده‌گه‌یه‌نێت بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر وڵاته‌كه‌ی پێشوازی له‌پێشمه‌رگه‌ی بریندار ده‌كات و هاوكات جه‌خت له‌ لێكنزیكبونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ شه‌رعیه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ 20ی تشرینی یه‌كه‌می 2016، له‌شاری سلێمانی، هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێشوازیكرد له‌ چابا ڤێزێكێنی‌ كونسوڵی‌ گشتیی‌ كۆماری هه‌نگاریا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان و وه‌فدێكی یاوه‌ری، له‌دیدارێكدا بارودۆخی سیاسیی و ئابوریی و ئه‌منی ناوچه‌كه‌ و عیراق و هه‌رێمی كوردستان تاوتوێكرا.

ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا تاوتوێكردنی ئۆپراسیۆنی رزگاركردنی موسڵ بوو، كونسوڵی‌ هه‌نگاریا رایگه‌یاند وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه‌ پێشمه‌رگه‌ی بریندار بۆ هه‌نگاریا ره‌وانه‌ بكات، تاوه‌كو چاره‌سه‌ری پزیشكی وه‌ربگرن.

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، سه‌باره‌ت به‌كێشه‌ سیاسییه‌كانی ناوخۆی كوردستان جه‌خت له‌دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی گشتیی له‌ڕێگه‌ی دیالۆگ كرایه‌وه‌، له‌پێناو لێك نزیكبونه‌وه‌ی زیاتری لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ شه‌رعیه‌كان.

هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌ دیداره‌كه‌دا، باسی له‌ ئه‌زموونی پێشكه‌وتووی وڵاتی هه‌نگاریا كرد له‌ڕووی پیشه‌سازی و كشتوكاڵییه‌وه‌، داواشیكرد هه‌نگاریا رۆڵی خۆی بگێڕێت له‌بوژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵی هه‌رێم، بۆئه‌وه‌ی ببێته‌ كه‌رتێكی وه‌به‌رهێن و سه‌رچاوه‌ی گرنگی ئابووری له‌وڵاتدا، كونسوڵی‌ هه‌نگاریاش به‌ڵێنیدا كاری جددی بكات بۆ هه‌ماهه‌نگی و پێشكه‌شكردنی هاریكاری له‌و بوارانه‌دا له‌نێوان وڵاته‌كه‌ی و هه‌رێمی كوردستاندا.

هه‌ر له‌میانه‌ی ئه‌و دیداره‌دا، كونسوڵی هه‌نگاریا به‌وردی باسی له‌و پرۆژه‌ كولتوری و رۆشنبیریانه‌ كرد كه‌ له‌به‌رنامه‌یاندایه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌ت شاری سلێمانی ئه‌نجامی بده‌ن.
 
ڕێ