غاز دەدرێتە كەرتی تایبەت نرخەكەی گران دەکات

 
ماوەی دوو رۆژە لە دەڤەری سۆران نرخی غاز گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و لەلایەن غاز فرۆشەكان لە نرخی خۆی گرانتر مامەڵەی پێوەدەكەن و دەی فرۆشن .

دوێنی  چوارشەمم، یەك بوتڵی غاز لە بازاری سۆران و دەورووبەری بە 10 هەزار دینار مامەڵی پێوەكرا، لەكاتێكدا پێشتر نرخی غاز لەو دەڤەرە لە حەوت هەزار تا 7500 دینار تێپەڕی نەدەكرد، قائیمقامی شارۆكەی سۆرانیش ئاماژە بەوەدەدات” غاز دەدرێتە كەرتی تایبەت و نرخی گرانتر دەبێت “.

محەمەد بەدرخان هاووڵاتییەكی خێزانداری دانیشتووی سۆران راگەیاند” ئەمڕۆ بە مەبەستی گۆڕینەوەی غاز سەردانی لە دوكانەكانی غاز فرۆشانم كرد لە سۆران، یەك بوتڵی غازم بە 9500 دینار گۆڕیەوە و لە تەنیشت ئەو دووكانەی غازم لێگۆڕیەوە فرۆشیارێكی تری غاز بە 10 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەكرد و هەر یەكە و بەنرخێك دەی فرۆشێت .

ئەو هاووڵاتییە وتیشی” پێشتر بوتڵێكی غازم بە حەوت دینار دەگۆڕیەوە، نازانین ئەمڕۆ غاز بۆ گران بووە، داوا لە حكومەتی هەرێم و لایەنی پەوەیوەندی دار دەكەین نرخی غاز داببەزێنێت ، چونكە تەنگەژەی دارایی باڵی بەسەر هەموو شتێكدا كیشاوەو و گوزەرانمان لەو پەڕی خراپیە .

زاگرۆس جەمال خاوەن دووكانی غاز فرۆشی لە سۆران راگەیاند” بێگومان راستە نرخی غاز گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، پێشتر نرخی غاز لە سۆران بە حەوت هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەكرا و دەگۆڕدرایەوە، ئەمڕۆ و دوێنێ هاتنی غاز بۆ سۆران كەمبووە و دەنگۆی نەمانی غاز لە كارگەكان بڵاو بووەوە راستەوخۆ نرخەكە لەلایەن غاز فرۆشان گران كرا .

ووتیشی” نرخەكە لە بەشێك لە غاز فرۆشان تا 10 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەكرا، بەشێك لە دوكاندارەكانیش غازیان هەڵگرتبوو و نەیان دەفرۆشت واهەست دەكرێت غاز زیاتر لەو نرخە لە سۆران گرانتر ببێت .

لەلای خۆشیەوە كرمانج عزەت قائیمقامی شارۆكەی سۆران راگەیاند” نرخی غاز لە ناوەندەوە گران بووە و تایبەت نییە بە سۆران، بەڵام بەم شێوەیەش نییە كە خەڵك باسی دەكات .

قائیمقامی سۆران هۆكاری گران بوونی نرخی غاز ئاشكرا دەكات و دەڵێت” بەمەبەستی باشتر كردنی خزمەت گوزاری غاز دراوەتە كەرتی تایبەت، بۆیە كەمێك لە نرخی پێشتر گرانتر بووە تەنها 500 دینار گرانتر بووە، غاز فرۆشەكانی سۆران دەبێت پابەندی نرخەكە ببن و ناكرێت زیاد لە نرخی ئاسایی كە دیاری كراوە گرانتر بفرۆشن و مامەڵەی پێوە بكەن .

هۆشداریش دەدات، هەر دوكانێكی غاز فرۆشی نرخی غاز سەرپێچی پێبكات و لە نرخی ئاسایی خۆی گرانتر بدات ، ئیجرائاتی یاسایی توندی لەگەڵ دەكەین .
 
وشە