ئەنجومەنی خزمەتگوزاری كۆمەڵایەتی ئوسترالیا رایگەیاندوە: زیاتر لە 3 ملیۆن هاوڵاتی وڵاتەكەی لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.
بەگوێرەی راپۆرتێكی ئەو ئەنجومەنە، ژمارەی هەژارانی ئوسترالیا بۆ 3 ملیۆن هاوڵاتی زیادیكردوەو لەو ژمارەیەش 731 هەزارو 300 كەسیان منداڵن، ئەوەش لەكاتێكدایە كە لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا رێژەی ئەو منداڵانەی لەژێر هێڵی هەژاریەوەن لەسەدا 2 بەرزبۆتەوە.
شارەزایانی ئابووریش ئاماژەیان بەوەكردوە: زیادبونی ژمارەی منداڵە هەژارەكان مایەی شەرمەزاریە بۆ دەسەڵاتداران، چونكە لەماوەی 25 ساڵی رابردوودا ئابووری ئوسترالیا بەردەوام لە گەشەكردندا بووە، بەڵام حكومەت نەیتوانیوە گوزەرانی منداڵان باشتر بكات.
لەو چوارچێوەیەشدا بانكی ناوەندی ئوسترالیا لەنوێترین راپۆرتیدا ئاشكرایكردوە: كە دانیشوانی وڵاتەكەی 24 ملیۆن كەسە و رێژەی هەژاریش گەیشتۆتە لەسەدا پێنج پۆینت حەوت.