دەزگای ئاماری توركیا: عیراق گەورەترین بازاڕ بووە بۆ ساغكردنەوەی كاڵاكانمان


دەزگای ئاماری توركیا ئاشكرای دەكات: لەماوەی پێنج ساڵدا بەبڕی 13 ملیار دۆلار، كەلوپەلی ناوماڵ‌و ئۆفیسیان هەناردەی وڵاتانی جیهان كردوە‌و عیراقیش گەورەترین بازاڕ بووە بۆ ساغكردنەوەی كاڵاكانیان.

بەگوێرەی ئامارە ڕەسمیەكان، توركیا لەساڵانی 2011 بۆ 2015، بەبڕی 13 ملیار‌و 100 ملیۆن دۆلار، كەلوپەلی ناوماڵ‌و ئۆفیسی هەناردەی نزیكەی 200 وڵاتی جیهان كردوە‌و زۆرترین قەبارەی هەناردەكردنیش لەساڵی 2014دا تۆماركراوە، كە بڕەكەی گەیشتۆتە 2 ملیار‌و 970 ملیۆن دۆلار.

دەستەی ئاماری توركیا ئەوەشی ئاشكراكردوە: كە عیراق لەڕیزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەدا بووە، كە لەماوەی ئەو پێنج ساڵەدا زۆرترین كەلوپەلی ناوماڵ‌و ئۆفیسی لە توركیاوە بۆ هەناردەكراوە، بەجۆرێك لەو ماوەیەدا بەبڕی 2 ملیار‌و 491 ملیۆن دۆلار كاڵای توركی كڕیووە، بەمەش عیراق بووەتە گەورەترین بازاڕ بۆ ساغكردنەوەی كاڵاكانی توركیا.

لەدوای عیراقیش، هەر یەك لە وڵاتانی ئازربایجان‌و ئەڵمانیا‌و لیبیا‌و سعودیە‌و توركمانستان دێن، كە ئەوانیش بە بازاڕێكی گەورەی ساغكردنەوەی كاڵاكانی توركیا لە قەڵەمدراون.