قەزای پێنجوێن بەهۆی بەپیتی خاكەكەیەوە، ساڵانە بڕێكی زۆر پەتاتەی تێدا بەرهەمدەهێنرێت، جوتیارانی ئەو سنورە داوا لە حكومەت دەكەن رێگەنەدات پەتاتە لە دەرەوە هاوردەی هەرێم بكرێت، بۆ ئەوەی بەرهەمەكانی ئەوان لەناوخۆدا ساغ ببێتەوە.
لەگەڵ هاتنی وەرزی پایزدا، بەرهەمی پەتاتەو هەڵگرتنەوەی لە سنوری قەزای پێنجوێن دەستپێدەكات، ناحیەی گەرمك یەكێك لەو ناوچانەی سنوری پێنجوێن كە لەسەر روبەری (100) دۆنم زیاتر لە (2 هەزارو 500)
تەن پەتاتەی تێدا بەرهەم هێنراوە.
جوتیاران داوایان كرد، حكومەتی هەرێم رێگەنەدات پەتاتە لە دەرەوە هاوردەی هەرێم بكرێت بۆ ئەوەی رەنجی جوتیارانی ناوخۆ بە فیڕۆنەچێت چونکە پەتاتەی پێنجوین دەتوانێت پێداویستی ناوخۆ پڕبکاتەوە.
هەرێم ئەردەڵانی بەڕێوەبەری كشتوكاڵی گەرمك بە (تۆڕی میدیای گۆڕان)ی راگەیاند، ئەگەرچی جوتیارانی سنورەكە رێژەیەكی زۆر لە پەتاتەیان بەرهەمهێناوە، بەڵام وەزارەتی كشتوكاڵ دەرمانو پێداویستی كشتوكاڵی پێشكەش بە جوتیاران نەكردوە.
قەزای پێنجوێن بەهۆی بەپیتیی خاكەكەیەوە، سالانە رێژەیەكی زۆر بەرهەمی پەتاتەو تەماتەو شوتیو چەندین بەرهەمی دیكەی كشتوكاڵی بەرهەم دەهێنرێت.