رێكەوتنی هەولێرو بەغدا ناردنی بودجە بۆ پەرلەمان دوادەخات


 لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق ئاشكرایدەكات، مەرجەكانی سندوقی نێودەوڵەتی و رێكەوتنی هەولێرو بەغدا ناردنی پرۆژە یاسایی بودجەی 2017 بۆ پەرلەمان دوا دەخات.

سەرحان ئەحمەد سەرحان ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاندوە یەكێك لە هۆكارە دیارەكانی دواكەوتنی پرۆژە یاسایی بودجەی 2017 بۆ پەرلەمان بریتیە لەو بەرزی و نزمیەیی بەهای نەوت كە لەسەر ئاستی جیهان بەدەی دەكرێت و هەروەها پێشتر لە بودجەدا نرخی هەربەرمیلێك بە 35 دۆلار خەمڵێنرابوو  بەڵام دواتر لەلایەن بانكی نێودەوڵەتیەوە داواكرا بۆ 45 دۆلار بەرزبكرێتەوە بۆیە تائێستا لەسەر نرخێكی جێگیر رێكەنەكەوتوون.

وتیشی، هۆكارێكیتر ئەو رێكەوتنەی نێوان هەولێر و بەغدایە، سەبارەت بەناردنی شایستەداراییەكان و مووچەی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەو مەرجەی هەرێم نەوتەكەی رادەستی بەغدا بكات، ئەوەش وایكردوە حكومەت چاو بەخەرجیەكانیدا بخشێنێتەوەو ناردنی بودجە بۆ پەرلەمان دوابخات.

ئاماژەی بەوەشكردوە،هۆكارێكی تر كە بۆتە هۆی دواكەوتنی، ئەو مەرجانەیە كە سندوقی نێودەوڵەتی بۆ چاوخشاندنەوە بە دۆخی دارایی عیراق دایناوەو  داوایكردوە كورتهێنانی بودجە لە 33 ترلیۆن دینارەوە بۆ 15 ترلیۆن دینار كەم بكرێتەوە.