دۆخی كارەبا لەم زستانەدا چۆن دەبێت؟ ‌ ‌


وەزارەتی‌ كارەبای‌ حكومەت هەرێمی‌ كوردستان رایگەیاند، بۆ وەرزی زستان لەئامادەباشیدایە تا بتوانێ زۆرترین سەعاتی كارەبای نیشتمانی بۆ هاووڵاتیان دابین بكات، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین پێشنیازو داخوازی پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیران كردووە، بۆ چارەسەركردنی بەشێك لەكێشەكان كە «لەدەسەڵاتی وەزارەتەكەدا نییە».

لۆد لەسەر تۆڕەكانی كارەبا
ساڵانە لە وەرزەكانی‌ هاوین‌و زستاندا سەعاتەكانی‌ پێدانی‌ كارەبای‌ نیشتیمانی‌ لە هەرێم روو لەكەمبوونەوەی‌ بەرچاو دەكەن، بەهۆی‌ بەرزبوونەوەی‌ خواست لەسەر ئەو وزەیە. هاوینی‌ ئەمساڵ حكومەت توانی‌ بەشێكی‌ كەمی‌ پێداویستی‌ كارەبای‌ هاووڵاتیان دابین بكات.
 
لە روونكردنەوەیەكدا،  وەزارەتی‌ كارەبای حكومەتی هەرێم ئاماژە بەوە دەكات،‌ لەگەڵ بەردەوام بوونی شەڕی داعش‌و قەیرانی دارایی‌و نەبوونی بودجە بۆ سیانەی وەرزی‌و راوەستانی پڕۆژەكانی پەرەپێدانی ژێرخانی كارەباو بەرزبوونەوەی رێژەی داواكاری لەسەر كارەبا بەهۆی گەشەكردنی شارو شارۆچكەكان، بارگرانییەكی رادەبەردەری خستۆتە سەر وێستگەو محاویلەو تۆڕەكانی كارەبا، بۆیە وەزارەتی كارەبا لەم دۆخەدا زەرەرمەند بووە لە جێبەجێكردنی ئەو پلانەی دایڕشتبوو بۆ پتەوكردن‌و فراوانكردنی ژێرخانی كارەبا.

 وەزارەتی كارەبا لەئامادەباشیدایە
قەیرانی‌ دارایی كە زیاتر لەدوو ساڵە هەرێمی‌ گرتۆتەوە، كاریگەری‌ لەسەر تەواوی سێكتەرەكان لەناویاندا كارەبا دروستكردووە، بەهۆی‌ دابین نەكردنی‌ گازوایلەوە چەندین یەكەی‌ بەرهەمهێنان لەكار وەستاون.

وەزارەتی‌ كارەبا جەختیكردۆتەوە، بۆ وەرزی زستان وەزارەتی كارەبا لەئامادەباشیدایە بەهەموو شێوازێك تا بتوانێ زۆرترین سەعاتی كارەبای نیشتمانی بۆ هاووڵاتیان دابین بكات، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین پێشنیازو داخوازی پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیران كردووە، بۆ چارەسەركردنی بەشێك لەكێشەكان كە لە «دەسەڵاتی وەزارەتی كارەبادا نییە».

بەفیڕۆنەدانی بەكارهێنانی كارەبا
وەزارەتەكە روونیكردۆتەوە، ئەنجومەنی وەزیران‌و وەزارەتی دارایی‌و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە هەوڵی تەواودان ئەو داواكارییانە بەپێی توانایان جێبەجێ بكەن. «هاووڵاتیان ئاسودە دەكەین لەهەوڵی تەواوداین بۆ دابینكردنی درێژترین سەعاتی كارەبای نیشتمانی‌و هاوكات داوا لە هاووڵاتیان دەكەین هاوكارمان بن لە بەفیڕۆنەدانی بەكارهێنانی كارەبا، تا بەشێوەیەكی رێكوپێك‌و دادوەرانە خزمەتگوزاری كارەبا پێشكەشی هاووڵاتیان بكەین».
 
کوردستانی نوێ