لە پێنجوێن، بەهۆی گونجاویی كەشوهەواكەی و لەباربوونی خاكەكەی، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی پار، ئاستی بەرهەمهێنانی برنجی خۆماڵی زیادی كردووە، بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی برنجی كوردی لە كاتێكدایە بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە برنجە ماندووبوونێكی زۆر و شارەزایییەكی تایبەتی دەوێت.
عومەر كەریم، یەكێك لە جووتیارانی گوندی چەوتانی پێنجوێن، راگەیاند، چەند رۆژێكە دەستیان كردووە بە دروێنەی چەڵتووك كە دواتر برنجی لێ جیا دەكرێتەوە.
ئەو وتی برنجی خۆماڵی، تامی خۆشە و جۆرێكی باشە كەچی بەداخەوە لە بازاڕ پارەیەكی زۆر ناكات. جگەلەمە حكوومەتیش هاوكارییان ناكات و جووتیاران سوودێكی ئەوتۆیان پێ ناگات.
لە لایەكی ترەوە مستەفا كەریم، یەكێك لە فرۆشیارانی برنج لەپێنجوێن، وتی، بەهۆی ئەوەی كە برنجی كوردی بەرهەمهێنانەكەی ئەستەمە و جۆرەكەشی لە بازاڕدا كەمە بەردەوام خەڵك داوای دەكات.
بەگوتەی ئەو فرۆشیارە، كیلۆیەك چەڵتووكی كوردی لە پێنجوێن نرخەكەی نزیكەی پێنج هەزار دینارە، بەڵام دواتر كە لەئاشدا دەكرێتە برنج نرخەكەی لە حەوت هەزار دینار تا ١٠ هەزار دینار بەرز دەبێتەوە. هاوكات، مەجید سلێمان، لێپرسراوی بەشی كشتوكاڵی شارەدێی ناڵپارێزی سەر بەشارۆكەی پێنجوێن، روونی كردەوە، ساڵی2015 رووبەڕی زەوی چێنراوی برنج لە ناوچەكەدا بریتی بوو لە ٥٠ دۆنم، بەڵام رووبەری چێنراوی ئەمساڵی برنج گەیشتووەتە ٨٠ دۆنم زەوی.
رزگار حەسەن، بەڕێوەبەری بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی پارێزگای سلێمانی، وتی، “ئەو برنجەی كە لەناوخۆدا ساڵانە بەرهەم دەهێنرێت، زۆر كەمە و بەهیچ شێوەیەك بەشی پێداویستی خۆمان ناكات و برنجەكەش تەنیا لەناوخۆدا بەكار دێت.”
ئەو دەڵێت جێگەی خۆشحاڵییە كە لەم چەند ساڵەی دوایی رووبەری چێنراوی برنج لە كوردستان زیادی كردووە. بە گوێرەی ئەو ئامارەی رزگار حەسەن خستیە ڕوو، ساڵی رابردوو لە پارێزگای سلێمانی، هەزار و ٤٠٠ دۆنم زەوی كراوە بەچەڵتووك و ئەمساڵیش رووبەری چێنراو بەرز بووەتەوە بۆ 20 هەزار دۆنم. ئەو پێشبینی كرد بە گشتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەرهەمەكەی بۆ پێنج هەزار تۆن بەرز ببێتەوە.
وشە