سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە ماوەی 36 مانگدا بڕی 5 ملیار و 340 ملیۆن دۆلار قەرز بە عیراق دەدات. كریستیان جۆنز سەرۆكی نێردەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ عیراق رایگەیاند، عیراق پێشكەوتنی باشی بە دەستهێناوە لە تەواوكردنی پێداچوونەوە بە قۆناغی یەكەمی رێككەوتنی دڵنیایی كە بۆ ماوەی 36 مانگ بەردەوام دەبێت و بە شێوەیەكی بەرچاو هاوكاری تیمی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی كردووە.
كریستیان جۆنز ئاماژەی بەوەشكرد،لەگەڵ پێشكەشكردنی ئەو زانیارییانەی داواكراون و جێبەجێكردنی ئەو رێوشوێنانەی كە پێشتر رێككەوتنی لەسەر كراوە،ئەنجومەنی جێبەجێكاری سندوقی دراو تاووتوێی قۆناغی یەكەمی رێككەوتنی دڵنیایی دەكات.
بەمەبەستی پشتیوانیكردن لە بەرنامەی چاكسازی حكومەتی عیراق. مانگی تەمووزی رابردوو سندوقی دراوی نێودەوڵەتی رەزامەندی نیشاندا بوو لە سەر پێدانی بڕی 5 ملیار و 340 ملیۆن دۆلار قەرز بە عیراق لە ماوەی 36 مانگدا و لەقۆناغی یەكەم بەغدا بڕی 634 ملیۆن دۆلاری وەرگرتبوو،هەروەها لە ساڵی 2015دا سندوقی دراو 1 ملیار و 240 ملیۆن دۆلار قەرزی تری بە عیراق دابوو.