كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی: هەفتەی داهاتوو دەست بە لێدانی بیری چوارەمی نەوت لە كێڵگەی تاوكێ دەكەین


كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی ئاشكرای دەكات: هەڵكەندنی سێ‌ بیری نەوتیان، لە كێڵگەی تاوكێ لە هەرێمی كوردستان تەواوكردوە‌و هەفتەی داهاتووش دەست بە لێدانی بیری چوارەم دەكەن.

راشیگەیاندوە: دوای ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستیكردۆتەوە بە پێدانی شایستە داراییەكانمان، بڕیارمانداوە ئاستی وەبەرهێنان لە كێڵگەی تاوكێ‌ زیاد بكەین، بۆ ئەوەی بگەین بە ئامانجەكانمان كە بەرهەمهێنانی 135 هەزار بەرمیلە لەرۆژێكدا.

لەو چوارچێوەیەشدا كۆمپانیای (دی ئێن ئۆ) ئاماژەی بەوەكردوە: كە هەڵكەندنی سێ‌ بیری نەوتیان لە كێڵگەی تاوكێ‌ تەواوكردوە‌و هەفتەی داهاتووش دەست دەكەن بە هەڵكەندنی بیری چوارەم، هەروەك پێشبینیكردووە كە تێچووی هەڵكەندنی ئەو چوار بیرە نەوتیە بگاتە 20 ملیۆن دۆلار‌و بەڕێژەی لەسەدا (10) بەشداری لە زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنانی كێڵگەی تاوكێدا بكەن.

بەپێی داتاكانی كۆمپانیاكە، لە چارەكی سێیەمی ئەمساڵدا رۆژانە 109 هەزار‌و 159 بەرمیل نەوت لە كێڵگەی تاوكێ‌ بەرهەمهێنراوە‌و لەو بڕەش 109 هەزار‌و 759 بەرمیلی ڕەوانەی توركیا كراوە.