ئەمڕۆ 2016/10/13 لەیادی 72 ساڵەی دامەزراندنی كتێبخانەی گشتی سلێمانیدا، كتێبخانەكە دوو مەراسیمی رێكخست، مەراسیمی یەكەمیان بەئەلیكترۆنیكردنی كتێبخانەكەو دووەمیشیان كردنەوەی پیشانگایەكی كتێب بەداشكاندنێكی زۆرەوە.
لەرۆژێكی وەك ئەمڕۆداو لەساڵی 1944دا كتێبخانەی گشتی سلێمانی لەلایەن پیرەمێردی شاعیرەوە كراوەتەوە، بۆ یادكردنەوەی ئەم یادەش كتێبخانەكە دوو مەراسیمی پێكەوە لەنێو هۆلی كتێبخانەكە ئەنجامدا.
مەراسیمی یەكەم پێكهاتبوو لە بەئەلیكترۆنیكردنی بەشێكی زۆری كتێبخانەكە، دیار ئەحمەد كە خوێندكاری بەشی كۆمپیوتەری زانكۆی گەرمیانەو هەستاوە بەئەلیكترۆنیكردنی كتێبخانەكە راگەیاند: هەستاوم بە بەئەلیكترۆنی كردنی كتێبخانەی گشتی سلێمانی، لەڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە پێنج هۆڵی سەرەكی لەڕێگەی 15 كۆمپیوتەرەوە بەیەكەوە دەبەسترێنەوەو بەهۆی ئەم پرۆژەیەشەوە كەسی وەرگر زۆر بەئاسانی دەتوانێت گەڕان و داواكاری بۆ وەرگرتنی كتێب و گێڕانەوەی كتێب ئەنجام بدات.
وتیشی: ئەم پرۆژەیەمان بەستۆتەوە بەسیستمێكی نێتۆركەوە، لێرەوە داتا داخڵ دەكەین و سەیریان دەكەینەوەو زانیارییەكانی وەرگر وەردەگرین، بۆ ئەم سیستەمەش 14 زانیاریمان لەسەر كتێبێك كۆكردۆتەوە، لەڕێگەی ئەم 14 زانیارییەوە كەسی وەرگر زۆر بەئاسانی دەتوانێت كتێبەكان بگات بەدەستی.
هەر لە یادی دامەزراندنیدا كتێبخانەی گشتی سلێمانی پیشانگایەكی كتێبی كردەوە، پیشانگاكە لەلایەن خاتو گەلاوێژەوە كرایەوە، كە ناونیشانی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت، ئەم پیشانگایە بۆ ماوەی هەفتەیەكەو تا 20/10/2016 بەداشكاندنێكی گەورەوە بەردەوامدەبێت.
PUKmedia