وەزارەتی پیشەسازیی عێراق ئۆتۆمبێلە دروستکراوەکانی بە قیست دەفرۆشێتە فەرمانبەرانی عێراق.
لە بەیاننامەیەکدا، کە رۆژی پێنجشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2016 بڵاو کراوەتەوە، عەبدولواحید شەمەری، بەڕێوەبەری سەنتەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی پیشەسازی رایگەیاندووە، هەر سێ جۆری ئۆتۆمبێلی (شیری، بریلینس و فاو) بە قیستی سێ ساڵە دەدرێتە فەرمانبەرانی عێراق.
عەبدولواحید شەمەری ئاماژەی بە نرخی ئۆتۆمبێلەکان نەکردووە، بەڵام رایگەیاندووە، پێویستە فەرمانبەرەکە لەلایەن فەرمانگەیەکەیەوە پشتگیری بکرێت و فەرمانگەکەی مانگانە قیستی ئۆتۆمبێلەکە بۆ کۆمپانیاکە بنێرێت.
کەلوپەلی ئەو ئۆتۆمبێلانە لە دەرەوەی وڵات دەهێندرێتە عێراق و لە کۆمپانیای گشتیی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی وەزارەتی پیشەسازیی کۆ (تەجمیع) دەکرێنەوە.
فڕۆشتنی ئۆتۆمبێل بە قیستی سێ ساڵە لەلایەن ئەو وەزارەتەوە فەرمانبەرانی هەموو پارێزگاکانی عێراق بە پارێزگای کەرکووکیش لە کوردستانی باشوورەوە دەگرێتەوە.