ئاشتی هەورامی وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت، بەشێكی زۆری دەسەڵاتە داراییەكانی، بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی كەم دەكاتەوە.
بەپێی نوسراوێكی ڕەسمی وەزارەتی كارەبا كە ئیمزای ئاشتی هەورامی لەسەرەو كۆپیەكی دەست رۆژنامەی (ئاژانس) كەوتووە، وەزیری كارەبای هەرێم بە وەكالەت، بەشێكی دەسەڵاتەكانی بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی كەمكردۆتەوە، لەوانەش دەسەڵاتی خەرجكردنی پارە بۆ چاككردنەوەی دامەزراوە كارەباییەكان لە 25 ملیۆن دینارەوە بۆ 5 ملیۆن دینار كەمكراوەتەوەو دەسەڵاتی خەرجكردنیش بۆ چاككردنی ئۆتۆمبێل لە 10 ملیۆن دینارەوە كراوە بە 5 ملیۆن دینار، بەو پێیەش هەر چاكسازییەك كە كارەبای سلێمانی ئەنجامی بدات و پارەكەی زیاتر بێت لە 5 ملیۆن دینار، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ڕەزامەندی وەزارەتی كارەبا لە هەولێر.
بەگوێرەی بڕیارەكە، چەند دەسەڵاتێكی دارایی سەرەكی كارەبای سلێمانیش بڕدراوەو خراوەتە سەر وەزارەتی كارەبا، لەوانەش دەسەڵاتی كڕینی كەلوپەلی جێگیر بەبڕی 50 ملیۆن دینار و گەڕانەوەی زیادەی داهاتی وەرگیراو بەبڕی 10 ملیۆن دینار و چاككردنەوەی ئامێرەكانی ساردكەرەوەی مەركەزی بەبڕی 50 ملیۆن دینارو دەسەڵاتی بەكرێگرتنی خانوو و ئۆتۆمبێلی بچووك و گەورە لە كارەبای سلێمانی وەرگیراوەتەوە.