ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بان کی مۆن هۆشداری دا لەوەی گێژاوی سیاسی و چالاکی تیرۆریستی ومامەڵەکردن و بەقاچاغبردنی ماددە هۆشبەرەکان و چەک و تەقەمەنی بەدرێژایی کەنارەکانی ئەفریقیا بۆتە مایەی هەرەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە.
هەروەها بان کی مۆن لەمیانەی کۆبونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەبەردەم ئەندامان روونیکردەوە کێشەی مالی بەشێکی بریتیە لە کۆنترۆڵکردنی باکووری ئەم وڵاتە لەلایەن گروپە ئیسلامیەکانی هاوپەیمان لەگەڵ رێکخراوی قاعیدە.
هەر لەدرێژەی قسەکانیدا ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بۆکرد زیاتر لە هەژدە ملیۆن و نیو هاوڵاتی لەم ناوچانە لەژێر هەرەشەی ئاسایشی خۆراکن، هەروەها زیاتر لەملیۆنێک مناڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵان رووبەرووی کەمی و خراپی خۆراک بۆنەتەوە.
هەروەها بان کی مۆن وتی ناتوانرێت ئاستەنگەکانی مالی تەنیا بەهەوڵدان چارەسەربکرێت، بەڵکو پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایش رووبەرووی ئەو ئاستەنگانە ببێتەوە کە کاریگەری کردۆتە سەر ناوچەکە بەشێوەیەکی بەرفراوان وەکو مۆریتانیا و بۆرکینافاسۆ و باشووری جەزائیر و نەیجیریا.
لەلایەن خۆشیەوە کۆمسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆکاروباری پەنابەران داوای لەهەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کارئاسانی بکەن بۆ ئەوەی تیمەکانی ئاژانسەکانی سەر بەمافی مرۆڤ و یارمەتیە مرۆییەکان بتوانن بگەنە ناوچەکە بۆ یارمەتی دانی نیشتەجێبوە زیان پێکەوتووەکان.