برنجی جۆری “شەشمەھی” بەناوبانگترین و باشترین و گرانترین جۆری برنجی کوردییە و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا ئەو برنجەی بەرەو نەمان بردووە. ئاخر باڵای برنجەکە کورتە و تەنیا بە داس دەدروێتەوە.
دیندار سلێمان جووتیارێکی سنووری پارێزگای دھۆکە و ئەمساڵ بڕێکی زۆر برنجی کوردی چاندووە، وتیشی ھەموو جۆرێکی برنجی کوردی باشە، بەڵام لە ھەمووان باشتر برنجی “شەشمەھی” یە ، بەڵام بەھۆی ئەوەی کە باڵای ئەو برنجە کورتە و بە ئامێرەکانی سەردەم نادورێتەوە، خەڵک ساڵ بە ساڵ زیاتر لە چاندنی دوور دەکەوێتەوە.
ئەو دەڵێت بەرهەمی ئەمساڵی برنج باشە و داواشی کرد حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رێگری لە برنجی ھاوردە بکات.
جەعفەر نێروەیی جووتیارێکی تری برنجە لە پارێزگای دھۆک، ئەو وتی “ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دھۆک بەراورد بە ساڵانی رابردوو برنجێکی زۆر چێندراوە و سوپاس بۆ خوا بەرھەمێکی باشمان دوورییەوە ، بەڵام ھەبوونی بەرازێکی زۆر و چەند جۆرێکی باڵندەی برنجخۆر زیانی زۆری پێگەیاندنین”.
بە وتەی جووتیاران جگە لەو شوێنانەی کە ئامێرەکانی کشتوکاڵی پێناگات و بە ناوچەی سەختی شاخاوی ناسراون لە هیچ شوێنێکی تر ئەو جۆرە برنجە بەرهەم نایەت.
ئەندازیار ئەحمەد جەمیل ئەبو زێد بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ رای دەگەیەنێ کە ئەمساڵ لە سنووری شارۆکەی ئاکرێ و بەردەڕەش سەرووی پێداویستی ناوچەکە برنج چێندراوە. ئەوبە “وشە”ی گوت لە سنووی پارێزگای دھۆک و شارۆکەکانی ئاکرێ و بەردەڕەش، سەرووی دە جۆر برنجی کوردی چێنراوە، بەڵام ئەوەی لە ھەمووان باشتر و گرانترە برنجی “شەشمەھی” یە، بەڵام بەرهەمەکەی کەمی کردووە.
ئەو ھوکاری سەرەکی لەناوچوونی ئەو برنجە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە برنجەکە باڵای کورتە و تەنیا بە دەست دەدورێتەوە. ھوکارێکی تر ئەوەیە ئەو برنجە لەماوەی شەش مانگدا پێدەگات و پێویستی بە ئاوێکی زۆریش هەیە و بۆ ئەو ناوچانە گونجاو نییە کە ئاویان کەمە، جگەلەصە ئەو برنجە زۆر ناسکە و ئەگەر بەراز بە ناویدا بڕوات دەڕژێتە خوارەوە و تەنانەت باڵندە برنجخۆرەکانیش کاتێک لەسەر گوڵەکەی دەنیشن دەڕژێتە خوارەوە.
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ئاکرێ ئەمساڵ یەک تون برنجی کوردی بە سێ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دینار دەفرۆشرێت. یەک کیلۆ برنجی کوردی بە سپیکراوی بە سێ ھەزار و ٥٠٠ دینار و برنجی سپینەکراویش بە دوو ھەزار و٧٥٠ دینارە. ئەمساڵ سێ ھەزار و ٥٠٠ دۆنم زەوی بۆ چاندنی برنجی کوردی تەرخان کراوە و سێ ھەزار و ٧٥٠ تۆن برنجیش بەرھەم ھێنراوە.
وشە