ماوەیەکە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی جووڵەی تێکەوتووە و خاوەن نووسینگەکانیش دەڵێن، بازاڕ تا رادەیەک باشتر بووە و لە چاو دوو ساڵی رابردوو، کڕین و فرۆشتن بۆ زەوی باشتر بووە.
دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤ داعش بەشێک لە خاکی عێراقی داگیر کرد، دۆخێکی خراپی تەناھی و ئابووری لە ناوچەکە ھاتە کایەوە کە کاریگەریی خستە سەر ھەموو کایەکان و لەوانەش بازاڕی کەرتی زەوی و خانووبەرە لە کوردستانی بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزاند.
بەشێوەیەک لە ھەندێک شوێن نرخەکان بۆ نیوە و لە ھەندێکی شوێنی تریشدا بۆ خوارووی نیوە دابەزین.
لە دوای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە، فرۆشتنی زەوی و خانوو لە چاو دوو ساڵی رابردوو بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، خاوەن نووسینگەکانیش دەڵێن، کڕین و فرۆشتن بە خانوو و زەوی زیاد بووە و بازاڕ بووژاوەتەوە.
شێخ خالید، خاوەنی یەکێک لە نووسینگەکانی خانووبەرە لە گەڕەکی سەرچنار وتی، ساڵانی رابردوو ھیچ کات نەیانتوانیوە کرێی مانگانەی نووسینگەکەش دەربکەن، چونکە بازاڕەکە وەستابوو، بەڵام چەند مانگێکە دۆخەکە باشتر بووە. ئەو ئاماژەی بە گەڕەکەکانی ڕاپەڕین، ناوچەی باوەمردە و چەند شوێنێکی تر کرد کە بازاڕەکەیان ھەستاوە.
ئەو دەڵێت، بازاڕی زەویی ھەرزانبەھا باشتر جووڵاوە و نموونەی ئەوەشی ھێنایەوە، ئەو زەوییانەی کە نرخەکانیان لە نێوان ٢٠ ھەزار دۆلار بۆ ٢٥ ھەزار دۆلارە، کڕین و فرۆشتنی زۆریان پێوە دەکرێت، بەڵام ئەو زەوییانەی نرخیان سەرووی ٥٠ ھەزار دۆلارە کەمتر کڕین و فرۆشتنیان پێ دەکرێت.
لە دوو ساڵی رابردوودا نرخی خانوو و زەوی بە رێژەیەک دابەزیبوو کە کڕین و فرۆشتنی وەستاندبوو و کەسێک ناچار نەبووایە، ئامادە نەبوو زەوی یان خانووەکەی بفرۆشێت و ئەگەر لە فرۆشتنیشی دانابایە، ئەوا کەس پارەی نەبوو تا لێی بکڕێت.
شارەزایەکی بواری ئابووریش باس لە باشتربوونی دۆخی ھەرێم بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو دەکات. سەعد مەلا عەبدوڵا گوڵپی، شارەزای ئابووری ڕاگەیاند، دۆخی ھەرێمی کوردستان لەمساڵدا لە چاو ساڵانی رابردوو، ئاسایی بووەتەوە و ھەر وەک لە ماوەی رابردوو بینرا چ ژمارەیەکی گەشتیار روویان لە ھەرێمی کوردستان کرد.
ئەو دەڵێ، ئەو کڕین و فرۆشتنەی لە ساڵانی رابردوو لە کەرتی خانوو و زەوی ھەبوو، ئاسایی نەبوو، چونکە نرخی زەوی و خانوو چەند ھێندە لە ئاستی خۆی بەرزتر بوو، بەڵام ئەوەی ئێستە نرخی راستەقینەیەتی و دەبینرێت جووڵەیەک لە بازاڕدا دروست بووە.
بەبۆچوونی ئەو شارەزایەی ئابووری، جووڵەی زەوی و خانوو ھۆکارێکی باشە بۆ دووبارە دەستاودەستکردنی پارە لای ھاووڵاتییان، بەڵام تا ڕادەیەک ئەو جووڵەیەی ئێستە ھەیە، لەوانەیە توێژێکی دیاریکراوی نێو کۆمەڵگە سوودی لێ وەربگرێت و ناتوانێ کاریگەریی فراوان بۆ سەر بازاڕ دروست بکات.
لە لایەکی ترەوە ئەنوەر حوسێن، خاوەنی کۆگەی پێداویستییەکانی خانووبەرە راگەیاند، ئێستە کە نرخی زەوی دابەزیوە، ھاووڵاتییان دەستیان بە کڕینی زەوی کردووە و پێ دەچێت دۆخەکەیان بەھەل زانیبێت بۆ ئەوەی خانوو دروست بکەن و خۆیان لە کرێچییەتی رزگار بکەن.
ئەو خاوەن کۆگەیەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە چەند مانگێکە جووڵەیەک دروست بووە و پێداویستییەکانی دروستکردنی خانوو باش دەفرۆشرێن، ھەرچەند وەک پێویست نییە، بەڵام لە دوو ساڵانی رابردوو باشتر بووە. جگەلەمە لەگەڵ دابەزینی نرخی زەوی، نرخی کەرەستە و پێداویستییەکانیش دابەزینیان بەخۆیانەوە بینیوە، ئەوەش وای کردووە ھاووڵاتییان لەم دۆخەدا دەست بە دروستکردنی خانوو دەکەن.
وشە