بازاڕی كۆنەی شاری سلێمانی جمەی دێت ‌ ‌


بەهۆی گۆڕانكاری كەشوهەواوە، بازاڕی كۆنەی شاری سلێمانی سەرباری قەیرانی دارایی، قەرەباڵغی زۆری بەخۆیەوە بینیوەو ئەو بازاڕە توانیویەتی پارێزگاری لە كڕیارانی بكات‌و هەندێ‌ لە فرۆشیارانیش رایدەگەیەنن، بەهۆی كوالێتی‌و باشی ئەو جۆرە جلوبەرگانەوە، هاووڵاتیان روو دەكەنە ئەم بازاڕە.

 
كوالێتی بەرز‌و نرخی گونجاو
كڕیارێك بۆ كەناڵی ئاسمانی گەلی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات، بەهۆی قەیرانی دارایی‌و دواكەوتنی مووچەوە، بەشێكی زۆر لە خەڵكی روو لەو فرۆشگە‌و كۆگایانە ناكەن، كە جلوبەرگی نوێ دەفرۆشن، بە پێچەوانەوە روو لە بازاڕی كۆنە دەكەن، كە هەم كوالێتی شمەكەكانی بەرزە‌و هەمیش نرخەكەی گونجاوەو لەگەڵ باری گوزەرانی خەڵكدا تا رادەیەك دەگونجێت.

هاووڵاتییەكەی دیكەش كە لە بازاڕی كۆنەی شاری سلێمانی سەرقاڵی كڕینی پێویستییەكانی بوو، هاوشێوەی ئەوانی تر پێی وابوو كە ئێستا خەڵكی بۆ كڕینی جلوبەرگ روو لە بازاڕی كۆنە دەكەن‌و بەتایبەت مووچەخۆران، كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە توانای كڕینی پۆشاكی نوێیان نییە. 

ئەو هاووڵاتییە دەڵێ: «ئەو پارەیەی كە لە كڕینی پارچەیەك پۆشاكی نوێدا خەرجی دەكەیت، دەتوانیت لە بازاڕ كۆنەدا (بالە) زیاتر لە دوو پارچەی لێ بكڕیت».

فرۆشیان زیادیكردووە
بەوتەی كڕیاران، بەراورد بە جلوبەرگی نوێ، جلوبەرگی بازاڕی كۆنە كوالێتییان بەرزەو نرخیشیان هەرزانە، بۆیە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستاندا، خەڵكێكی زۆر روو لەو بازاڕانە دەكەن‌و پێویستییەكانیان پڕ دەكەنەوە.

فرۆشیارێك لە بازاڕی كۆنەی شاری سلێمانی دەڵێ: «بەهۆی قەیرانی داراییەوە، فرۆشی شمەكی بازاڕی كۆنە زیادیكردووە، ئەمە جگە لەوەی لەگەڵ هاتنی وەرزی پایزو نزیكبوونەوەی زستاندا، خەڵكێكی زۆر روو لەم بازاڕە دەكەن».

ئەو ئاماژە بەوەش دەكات، كوالێتی كەلوپەلی بازاڕی كۆنە بەرزەو لەگەڵ ئەوەشدا نرخیان هەرزانەو لەگەڵ بارودۆخی ئەمڕۆی خەڵكدا دەگونجێت.

فرۆشیارانی دیكەی ئەو بازاڕە روونیدەكەنەوە، هەرچەندە قەیرانی دارایی‌و نەبوونی مووچە كاریگەری لەسەر بازاڕی ئەوانیش بەجێهێشتووە، بەڵام هەر بەراورد بە بازاڕی شمەكە نوێیەكان، فرۆشی ئەوان زیاترە.

کوردستانی نوێ