وەزارەتی‌ كارەبای‌ هەرێم‌ : لەئامادەباشیداین بۆ دابینكردنی درێژترین كاتژمێری كارەبای نیشتمانی


 وەزارەتی‌ كارەبای‌ هەرێم‌ رایگەیاند، بۆ وەرزی زستان لەئامادەباشیدان تاكو درێژترین كاتژمێری كارەبای نیشتمانی بۆ هاوڵاتیان دابین بكەن.

وەزارەتی‌ كارەبای حكومەت هەرێمی‌ كوردستان لە ئاشكرایكردوە، بەهۆی بەردەوامبونی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و نەبونی بودجە بۆ صیانە و راوەستانی پڕۆژەكان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی داواكاری هاوڵاتیان بۆ كارەبا،  بارگرانییەكی لەرادەبەدەری خستۆتە سەر وێستگەو محاویلەو تۆڕەكان، بۆیە وەزارەتەكەمان لەم دۆخەدا زەرەرمەند بووە لە جێبەجێكردنی ئەو پلانەی دایڕشتبووە بۆ پتەوكردن و فراوانكردنی ژێرخانی كارەبا و هاوكات بە هۆی دابیننەكردنی‌ گازوایلەوە 10 یەكەی‌ بەرهەمهێنانیش لەكار كردن وەستاون.

ئاماژەی بەوەشكردوە بۆ وەرزی زستان، وەزارەتی كارەبا لەئامادەباشیدایە تاكو بتوانێت درێژترین كاتژمێری كارەبای نیشتمانی بۆ هاوڵاتیان دابین بكات، هەرەەها چەندین پێشنیار و داخوازی پێشكەش بەئەنجومەنی وەزیران كردووە بۆ چارەسەركردنی بەشێك لەو كێشانەی كە لە دەسەڵاتی وەزارەتەكەیاندا نیە.