حكومەتی هەرێم نەوتی بە كەمتر لە 47 ملیۆن دۆلار لە حكومەتی عیراق فرۆشتووە


بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێم لەبارەی فرۆشتنی نەوتی مانگی ئەیلولی رابردوو بڵاویكردۆتەوە،  تێیدا هاتووە حكومەتی هەرێم مانگی رابردوو بەرمیلێك نەوتی بە 36 دۆلارو 10سەنت فرۆشتووەو كۆی داهاتەكەشی 611 ملیۆن و 764 هەزارو 928 دۆلار بووە, دوای پێدانی پارەی حەقدەستی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت و دانەوەی قەرزو پارەی پترۆ دۆلار، تەنها 347 ملیۆن و 614 هەزارو 969 دۆلاری بۆ ماوەتەوە.

بڵاوكردنەوەی ئاماری نەوتی فرۆشراوی مانگی ئەیلول لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەكانەوە،لەكاتێكدایە وەزارەتی نەوتی عیراق لەسەر هەناردەكردنی نەوت و داهاتەكەی رایگەیاندووە بەرمیلێك نەوتیان بە 38 دۆلارو 89 سەنت فرۆشتوەو كۆی داهاتەكەشی سێ ملیارو 822 ملیۆن و 286 هەزار دۆلار بووە.

بەپێی بەدواداچونێكی شیكاری، تەنیا لەفرۆشتنی نەوتی مانگی رابردوو، حكومەتی هەرێم نەوتەكەی بەكەمتر لە 47 ملیۆن و 274 هەزار دۆلار لەبەغدا فرۆشتوە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە بەبیانوی نەبوونی داهات، مووچەی فەرمانبەرانی بەسیستمی پاشەكەوت پێنادرێت و هێشتا دەستی بەدابەشكردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانیش نەكردوە.