ڕۆڵى كه‌رتى تایبه‌ت له‌ بووژاندنه‌وه‌ى سه‌رخان و ژێرخانى ئابوورى كوردستان و گرفت و كێشه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانى

 
به‌شداریکردنی سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی سیروان محه‌مه‌د و نه‌وزاد غه‌فور جێگری دووه‌می سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی و عوسمان فه‌تاح و ئه‌حمه‌د که‌لاری و که‌مال سه‌عید ته‌ها کۆی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ژوری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی.

له‌ته‌وه‌ری پاشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی ٩/١٠/٢٠١٦ له‌ کۆنگره‌ی ڕۆڵی که‌رتی تایبه‌ت له‌په‌ره‌ پێدانی ئابوری هه‌رێمی کوردستان سیروان محه‌مه‌د به‌شداری کرد له‌ پێشکه‌شکردنی بابه‌تێک له‌سه‌ر ڕۆڵی که‌رتی تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی کوردستانه‌.

ئه‌مه‌ش ته‌واوی بابه‌ته‌که‌ی سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانییه‌:
 
وه‌ك به‌ڕێزتان ئاگادارن كه‌رتى تایبه‌ت له‌ دواى ڕاپه‌ڕینى به‌هارى 1991ى سه‌ده‌ى ڕابردوو تا ئه‌مڕۆ ده‌ورێكى گرنگى گێڕاوه‌ له‌ گه‌شه‌سه‌ندنوو به‌ره‌و پێش چوونى  سه‌رخان و ژێرخانى ئابوورى هه‌رێمى كوردستاندا، هه‌رچه‌نده‌ به‌هۆى ئه‌و گۆڕانكارییه‌ سیاسى و ئابووریانه‌ى له‌ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمدا ڕویانداوه‌ ڕۆڵ و كاریگه‌ریى ئه‌م كه‌رته‌ هه‌ڵكشان و داكشانى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌. بۆ باشتر شاره‌زابوون له‌ ڕۆڵ و كاریگه‌رى كه‌رتى تایبه‌ت له‌و ماوه‌ مێژوویه‌دا به‌سه‌ر سێ قۆناغدا دابه‌شى ده‌كه‌ین:

قۆناغى یه‌كه‌م: له‌ ساڵى 1991 وه‌ ده‌ست پێده‌كات تا ساڵى 2003 و ئازاد كردنى عێراق له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه‌، له‌م قۆناغه‌دا كه‌رتى تایبه‌ت به‌هۆى خراپى بارودۆخى سیاسی و سه‌پاندنى ئابڵوقه‌ى ئابوورى به‌سه‌ر عێراق دا، لاوازیه‌كى زۆر به‌سه‌ر كه‌رتى تایبه‌تدا هات .به‌جۆرێك كه‌ نه‌یده‌توانى به‌ ڕۆڵى خۆى هه‌ڵبستێت. به‌هۆى خراپى باراى ئابوورى هاوڵاتیان و حكومه‌ت، شه‌ڕى ناوخۆ، ئابڵوقه‌ى ئابوورى، خراپى به‌هاى دراوى عێراقى، …هتد                                   .

قۆناغى دووه‌م : ئه‌م قۆناغه‌ له‌ ساڵى 2003 وه‌ ده‌ست پێده‌كات تا ده‌ست پێكردنى شه‌ڕى نه‌خوازراوى داعش له‌ ساڵى 2014 دا له‌ كوردستان و عێراق و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست. له‌م قۆناغه‌دا به‌هۆى سه‌قامگیرى ئابوورى و سیاسی  كه‌رتى تایبه‌ت توانى ڕۆڵێكى كاریگه‌رى هه‌بێت له‌ بنیاتنانى سه‌رخان و ژێرخانى ئابوورى و دووباره‌ بوژاندنه‌وه‌و بنیاتنانه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستاندا، وه‌بشبێته‌ ده‌روازه‌یه‌ك بۆ بیناكردنه‌وه‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق كه‌ به‌هۆى كاولكارى جه‌نگه‌وه‌ توشى هاتبوو.
 
قۆناغى سێ هه‌م : ئه‌م قۆناغه‌ له‌سه‌ره‌تای شه‌رى داعشه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات تا ئه‌مڕۆ كه‌ به‌هۆى خراپى بارودۆخى سیاسى و ئابوورى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا كه‌رتى تایبه‌ت تووشى داكشانێكى توند بووه‌و كه‌ زۆرێك له‌و پڕۆژه‌ ستراتیجیانه‌ى له‌ قۆناغى دووه‌مدا وه‌دیهاتبوون وه‌ك پڕۆژه‌ى پیشه‌سازىو بیناسازى و وه‌به‌رهێنان له‌ سێكته‌ره‌ جۆراوجۆره‌كاندا تووشى پوكانه‌وه‌و وه‌ستان بوون.
 
 
به‌چه‌ند خاڵێك گرنگى كه‌رتى تایبه‌ت له‌ هه‌رێمى كوردستاندا ڕوون ده‌كه‌ینه‌وه‌:
1. له‌ ساڵى 2006 وه‌ تا ئێستا زیاتر له‌ 800 پڕۆژه‌ مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه‌ له‌ ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان بۆ بنیاتناننى  پڕۆژه‌ى پیشه‌سازى و گه‌شتیارىو كشتوكاڵى و …… هتد كه‌ تێكڕاى ئه‌م پڕۆژانه‌ له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌رانى ناوخۆو بیانى كه‌رتى تایبه‌ته‌وه‌ جێ به‌جێ ده‌كرین. كه‌ زۆرێك له‌م پڕۆژانه‌ به‌ كۆتا گه‌یشتوون . تێكڕا تێچونیشیان زیاتره‌ له‌ 42 ملیار دۆلارى أمریكى.

2. كه‌رتى تایبه‌ت ڕۆڵیكى به‌رچاوى هه‌بووه‌ له‌ ڕه‌خساندنى هه‌لى كار بۆ ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ هاوڵاتیانى هه‌رێمه‌كه‌مان و كه‌م كردنه‌وه‌ى ئه‌و قورسایه‌ى له‌سه‌ر كه‌رتى گشتى هه‌بووه‌. به‌نمونه‌: كۆمپانیاى فاروق گروپ توانیویه‌تى هه‌لى كار بۆ 40هه‌زار كه‌س بڕه‌خسێنێت به‌ شێوه‌یه‌كى ڕاسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆ له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا. 

3. دابینكردنى پێداویستى بازار بۆ زۆر به‌رهه‌مى كشتوكاڵى و پیشه‌سازى و بیناسازى كه‌ له‌ هه‌ندێك به‌رهه‌مدا ده‌توانرێت پێداویستییه‌كانى  بازاڕه‌كانى عێراقیش دابین بكات وه‌ك چیمه‌نتۆ و شیش و ئاوى خواردنه‌وه‌.

4. كه‌رتى تایبه‌ت توانیویه‌تى گه‌شه‌ به‌ سێكته‌رى گه‌شتیارى بدات له‌ شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستانداو چه‌ندین ئوتێلى 5 ئه‌ستێره‌و پرۆژه‌ى گه‌شتیارى له‌ شاره‌كانى هه‌رێم و ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كاندا بنیات بنێن.

5. كه‌رتى تایبه‌ت پشگیرییه‌كى ته‌واوى حكومه‌ت بووه‌ له‌ ڕووى داراییه‌وه‌ له‌ ڕێگاى پێدانى باج و گومرگ و ئه‌و رسوماتانه‌ى كه‌ له‌ لایه‌ن بازرگانان و پیشه‌سازان و وه‌به‌رهێنه‌رانه‌وه‌ ده‌ردرێت به‌ حكومه‌ت, بۆ به‌رچاوروونى به‌ڕێزتان ته‌نها له‌ مانگه‌كانى (1 و 2 و 3 و 4) ئه‌م سالأدا بڕى ئه‌و گومرگه‌ى كه‌ له‌ ده‌روازه‌كانى هه‌رێم و فڕۆكه‌خانه‌كانه‌وه‌ له‌ بازرگانان وه‌رگیراوه‌ بریتییبووه‌ له‌ (176.086.241.000) هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م ڕێژه‌یه‌ له‌ ساڵانى ڕابردوودا زۆر له‌وه‌ زیاتر بووه‌ به‌ڵام له‌ ئێستادا به‌هۆى ئه‌و بارودۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ى هه‌رێمى كوردستانى گرتۆته‌وه‌ و جوڵه‌ى بازرگانى له‌ ده‌روازه‌كانى هه‌رێمدا كه‌م كردۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و باج و رسوماتانه‌ى تر كه‌ له‌ بازرگانان و پیشه‌سازان و وه‌به‌رهێنه‌ران وه‌رده‌گیرێت.
 
6. ژماره‌ى ئه‌و كۆمپانیانه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا دامه‌زراون له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیا بیانیانه‌ى لقیان له‌ هه‌رێمى كوردستان كردۆته‌وه‌ 21000 كۆمپانیایان تێپه‌ڕاندووه‌. كه‌ هه‌ریه‌كێك له‌م كۆمپانیانه‌ چه‌ندین كه‌س كاریان تێدا ده‌كات و ساڵانه‌ باج ده‌دن به‌ حكومه‌ت سه‌رگه‌رمى كارى بازرگانى و پیشه‌سازى و كشتوكاڵى و وه‌به‌رهێنانن.

7. له‌ هه‌رێمى كوردستاندا 5303 كارگه‌ دامه‌زراوه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ پڕۆژه‌ بچوك و پیشه‌یی و پرۆژه‌ پیشه‌سازییه‌ ستراتیجییه‌كانى وه‌ك ئاسن و چیمه‌نتۆو…
 
8. كه‌رتى تایبه‌ت له‌هه‌موو بارودۆخه‌كاندا چ له‌ئێستاو ڕابردوودا پشتگیرى ته‌واوى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى كردووه‌. له‌كاتى كه‌مبوونه‌وه‌ى پاره‌ له‌ بانكه‌كاندا به‌ هه‌ڵمه‌تێك له‌ لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌ران و بازرگانانه‌وه‌ پشگیرى بانكه‌كانیان كرد به‌ دانانى پاره‌. 
 
 كه‌رتى تایبه‌ت له‌ هه‌رێمى كوردستان گیرۆده‌ى كۆمه‌ڵێك گرفت و كێشه‌ى هه‌نوكه‌ییه‌و به‌رده‌وام ئه‌م كێشه‌و گرفتانه‌ كاریگه‌رى خراپیان له‌سه‌ر ئه‌م كه‌رته‌ هه‌بووه‌ له‌وانه‌ش :
 
1. هه‌ندێك له‌و یاسایانه‌ى په‌یوه‌ندیان به‌ كه‌رتى تایبه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌م بارودۆخه‌ى ئێستا گونجاو نین و  كاریگه‌رى خراپیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕۆڵى كه‌رتى تایبه‌ت له‌وانه‌ش یاساى كار و یاساى وه‌به‌رهێنان و ….
 
2. یه‌كلا نه‌بونه‌وه‌ى حكومه‌ت له‌ په‌یڕه‌وى كردنى سیسته‌مى ئابوورى له‌ نێوان كه‌رتى تایبه‌ت و كه‌رتى گشتیدا، له‌ زۆر پرسی گرنگدا كه‌رتى تایبه‌ت فه‌رامۆش كراوه‌و ڕاوێژاین پێناكرێت، وه‌ك ده‌ركردنى یاساو ڕێنماى تایبه‌ت به‌ بوارى بازرگانى و پیشه‌سازى و وه‌به‌رهێنان. چه‌ندین پرسى گرنگى هه‌نووكه‌ى تر.
 
3. زۆرى ڕۆتین دواكه‌وتنى مامه‌ڵه‌ى بازرگانان له‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیانه‌ى په‌یوه‌ندیان به‌ كه‌رتى تایبه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌. وه‌ده‌وام نه‌كردنى وه‌ك پێویستى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ میرییه‌كان به‌ هۆى دواكه‌وتن و پاشه‌كه‌وتى موچه‌كانیانه‌وه‌.
 
4. مۆڵه‌ت دان به‌ زۆرێك له‌ ڕێكخراو دامه‌زراوه‌ى ئابوورى كه‌ به‌ناوى ژوور یاخود ڕێكخراو دروست ده‌بن له‌ كه‌رتى تایبه‌تدا و به‌رژه‌وه‌ندى كه‌سییان له‌ پشته‌وه‌یه‌و ئه‌م ڕێكخراوانه‌ پاره‌ى ساڵانه‌ له‌ بازرگان و پیشه‌سازان و وه‌به‌رهێنه‌ران وه‌رده‌گرن و ملكه‌چ نین له‌ ڕووى داراییه‌وه‌ بۆ چاودێرى بازرگانى و فه‌وزایان له‌كه‌رتى تایبه‌تدا دروست كردووه‌و به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ كه‌رتى تایبه‌ت یه‌ك ده‌نگیه‌كى گشتى نیه‌ بۆ پرسه‌ بازرگانى و پیشه‌سازى و ئابوورییه‌كان.
 
5. هاوكارى نه‌كردنى پیشه‌سازان له‌ كاتى دامه‌زراندنى پڕۆژه‌ی پیشه‌سازیدا له‌ ڕووى دابینكردنى زه‌وى كاره‌با ئاو ئاوه‌ڕۆ ڕێگاوبان وپه‌یڕه‌و نه‌كردنى سیاسه‌تى پاراستى به‌رهه‌مى ناوخۆیی وه‌ك پێویست له‌ كاتى هاورده‌كردنى به‌هه‌مى هاوشێوه‌دا. 
 
 
6. زیادكردنى باج و گومرگ و رسوماته‌كان له‌سه‌ر بازرگانان و پیشه‌سازان و وه‌به‌رهێنه‌ران له‌م بارودۆخه‌ى ئێستادا كه‌ زه‌ره‌رمه‌ مه‌ندى یه‌كه‌مى ئه‌م بارودۆخه‌ بازرگانان و پیشه‌سازانن كه‌ زۆرترین زیانیان به‌ركه‌وتووه‌.
 
7. هاوكارى نه‌كردنى به‌ڵێنده‌ران و وه‌به‌رهێنه‌ران له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وكارانه‌ى ئه‌نجامیان داوه‌ بۆ حكومه‌ت. نه‌گۆڕینه‌وه‌ى چه‌كه‌ بانكییه‌كانیان له‌ بانكه‌كان و كارپێنه‌كردنی ئه‌و چه‌كانه‌ له‌ ڕاى كردنى مامه‌ڵه‌كانیان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كاندا.
 
8. نه‌بوون و لاوازى  سیسته‌مى بانكى هاوچه‌رخوو باوه‌ڕپێكراو  له‌ هه‌رێمى كوردستاندا تا بازرگانان سودى لێوه‌رگرن له‌ كاره‌ بازرگانییه‌كانیاندا.
 
 
پێشنیارو راِسپارده‌ى ژووره‌ بازرگانییه‌كانى كوردستان بۆ به‌ره‌وپێشبردنى كه‌رتى تایبه‌ت و به‌هێزكردنى ئابوورى وڵات:
 
1. به‌هێزكردنى په‌یوه‌ندى هه‌ردوو كه‌رتى گشتى و كه‌رتى تایبه‌ت و هه‌ماهه‌نگی كردنى یه‌كترى له‌ پرسه‌ بازرگانى و پیشه‌سازى و ئابوورییه‌كاندا.
 
2. دیاره‌سه‌كردنى ئه‌و یاسایانه‌ى په‌یوه‌ندیان به‌ بوارى وه‌به‌رهێنان و بازرگانى و پیشه‌سازییه‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌موار كردنه‌وه‌یان به‌جۆرێك له‌ خزمه‌تى گه‌شه‌سه‌ندنى ئابوورى هه‌رێمه‌كه‌ماندا بێت. وه‌ك یاساى كار كه‌واى كردووه‌ هێزى كار متمانه‌ى به‌ كه‌رتى تایبه‌ت نه‌بێت و له‌هه‌وڵى ده‌رفه‌تێكدا بێت بۆ دۆزینه‌وه‌ى كارو به‌جێهێشتنى كه‌رتى تایبه‌ت چونكه‌ به‌پێى ئه‌م یاسایه‌ كه‌ ئێستا كارى پێده‌كرێت مافى پێویستى نه‌داوه‌ به‌ خانه‌نشینبوونی ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌م كه‌رته‌دا كار ده‌كه‌ن. له‌گه‌ڵ چه‌ندین كه‌موكوڕى تر.
 
3. پاكتاوكردن و ڕێكخستنى ئه‌و ڕێكخراو ژوورو كۆمه‌ڵانه‌ى كه‌ دروست بوون له‌ بوارى بازرگانى وپیشه‌سازى و وه‌به‌رهێناداو چاودێریكردنیان له‌ ڕووى به‌یاسایبوونیان و ئه‌نجامدانى كاره‌كانیان. ڕێگه‌نه‌دانیان به‌ قۆستنه‌وه‌ى بازرگانان و پیشه‌زان و وه‌رگرتنى پاره‌ لێیان، وه‌پێشنیاریش ده‌كه‌ین بۆ دامه‌زراندنى ئه‌و ژوورو ڕێكخراو كۆمه‌ڵانه‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ژووره‌ بازرگانییه‌كاندا بكرێت، چونكه‌ له‌ هه‌موو وڵاتانى جیهاندا ژووره‌ بازرگانییه‌كان چه‌ترى هه‌موو ڕێكخراوه‌كانى كه‌رتى تایبه‌تن، به‌م شێوه‌یه‌ ده‌توانرێت كه‌رتى تایبه‌ت به‌ شێوه‌یه‌كى زانستیانه‌ ڕێك بخرێته‌وه‌.
 
4. به‌ژداری پێكردنى نوێنه‌رى یه‌كێتى ژووره‌ بازرگانییه‌كان و ژووره‌كانى بازرگانى له‌ تێكڕاى شاره‌كاندا له‌و لیژنانه‌ى كه‌ پێك ده‌هێنرێن له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا له‌سه‌ر ئاستى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و شاره‌كان و قه‌زاو ناحییه‌كان و بۆ هه‌ركارێك كه‌ په‌یوه‌ندى هه‌بێت به‌ بوارى بازرگانى و پیشه‌سازى و وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ چونكه‌ ژووره‌ بازرگانییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كى پراكتیكى كار له‌و بوارانه‌دا ده‌كه‌ن .
 
5. پێویسته‌ له‌سه‌ر حكومه‌ تى هه‌رێمى كوردستان له‌م دۆخه‌ خراپه‌ سیاسی و ئابووریه‌ى كه‌ ئێستا هه‌رێمى كوردستانى تێكه‌وتووه‌ به‌ دواى ڕێگا چاره‌ى زانستیدا بگه‌ڕێت تا ئه‌و بوژاندنه‌وه‌ى كه‌ له‌ سێكته‌ره‌كانى ئابووریدا له‌م چه‌ند ساڵه‌ى ڕابردوودا به‌ده‌ست هاتوووه‌ له‌ بارنه‌چێت، زیادكردنى باج له‌سه‌ر بازرگانان زیان به‌جوڵه‌ى بازرگانى ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ دواتریش دواى بازرگانه‌كه‌ حكومه‌ت زه‌رمه‌ند ده‌بێت.
 
6. پێویسته‌ له‌سه‌ر حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دیراسه‌یه‌كى مه‌یدانى له‌ سه‌ر گومرگى هاورده‌ى كاڵاو شتومه‌كه‌كان بكات له‌ نێوان ده‌روازه‌كانى هه‌رێم باشورو ناوه‌ڕاستى عێراقدا یاساى تعریفه‌ى گومرگى كه‌ده‌رده‌چێت له‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك خۆى جێبه‌جێ ده‌كرێت و له‌ ده‌روازه‌كانى باشورو ناوه‌ڕاستیشدا هاوكارى ته‌واوى بازرگانان ده‌كرێت و چاوپۆشیشیان لێده‌كرێت له‌ كاتى گومركردنى كاڵاكانیاندا، به‌م كاره‌شیان له‌هه‌وڵدان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌و نه‌هێشتنى ئه‌و جوڵه‌ بازرگانیانه‌ى له‌ ده‌روازه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا هه‌یه‌ له‌م كاره‌شیاندا سه‌ركه‌وتووبوون، وه‌له‌ ئێستادا ئه‌و بارانه‌ى له‌ ده‌روازه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ هاورده‌كراون و دواتریش ده‌نێردرێت بۆ پارێزگاكانى ناوه‌ڕاستو باشورى عێراق جارێكى تر له‌لایه‌ن حكومه‌تى مه‌ركه‌زه‌وه‌ گومرگ ده‌كرێته‌وه‌. پێشنیار ده‌كه‌ین حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌ماهه‌نگى ته‌واو بكه‌ن له‌گه‌ڵ حكومه‌تى مه‌ركه‌زدا و ته‌وحیدى جێبه‌جێ كردنى سیاسه‌تى گومرگى بكه‌ن وه‌هه‌وڵیش بده‌ن به‌ زوترین كات كۆتایی بێنن به‌ دووباره‌ گومرگ كردنه‌وه‌ى ئه‌و بارانه‌ى له‌ هه‌رێمه‌وه‌ ده‌چن بۆ پارێزگاكانى ناوه‌ڕاست و باشورى عێراق.
 
 
7. پێشنیارده‌كه‌ین حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پشتگیرى و هاوكارى ته‌واو ئه‌و بازرگانیه‌ بكات كه‌ باره‌كانیان وه‌ك ترانزێت به‌ هه‌رێمى كوردستاندا تێده‌په‌ڕێت چونكه‌ ئه‌م بازرگانییه‌ سودى بۆ بازرگانان و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌و زۆرێك له‌ بازرگانان سه‌رگه‌رمى ئه‌م بازرگانییه‌ن، گه‌ر ئه‌و هاوكارییه‌ نه‌كرێن ئه‌م بازرگانیه‌ش وه‌ك چۆن ئێستا كه‌مى كردووه‌ كه‌متریش ده‌بێته‌وه‌. ئه‌م جوڵه‌یه‌ش ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ ده‌روازه‌كانى ترى عێراق.
 
8. پێشنیار ده‌كه‌ین كه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ دابینكردنى سه‌رچاوه‌ى دارایی و خه‌جییه‌كانى ته‌نها چاوى له‌سه‌ر نه‌وت نه‌بێت و له‌ هه‌وڵى بنیاتنانى ئابوورییه‌كى گشتگیردا بێت و هه‌موو سێكته‌ره‌كانى ئابوورى ببوژێنێته‌وه‌ وه‌ك سێكته‌رى كشتوكاڵى و پیشه‌سازى و بازرگانى و گشتیارى…هتد چونكه‌ له‌ كاتى ته‌نگژه‌ى ئابووریدا وه‌ك دابه‌زینى نرخى نه‌وت له‌ بۆرصه‌ى جیهانیدا كه‌ له‌ چه‌ند ساڵى ڕابردودا ڕویداو تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌ و هه‌رێمه‌كه‌مانى توشى ئه‌م قه‌یرانه‌ داراییه‌ ترسناكه‌ كردووه‌، ئابوورییه‌كى گشتگیر ده‌توانێت پارسه‌نگى ئه‌و كورت هێنانه‌ ڕابگرێت كه‌ به‌هۆى دابه‌زینى سێكته‌رێكه‌وه‌ ڕووده‌دات. به‌م ڕێگایه‌ش ده‌توانین زۆرترین ده‌رفه‌تى كار بۆ هاوڵاتیان بڕه‌خسێنین و بێكارى بۆ نزمترین ئاستى كه‌مكه‌ینه‌وه‌. ببینه‌ خاوه‌نى ئابووریه‌كى گشتگیرو به‌هێز.
 
 
9. پێشنیار ده‌كه‌ین حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان چاره‌سه‌رى مووچه‌ى كارمه‌ندانى بكات چونكه‌ ئاستى بژێوى هاوڵاتیان زۆر لاواز بووه‌ وه‌به‌هۆى مانگرتنى كارمه‌ندان له‌ زۆرێك له‌داموده‌زگاكانى حكومه‌تى هه‌رێم به‌تایبه‌تى شارى سلێمانى بۆته‌ هۆىئه‌وه‌ى كارى بازرگانان بوه‌ستێتو دوابكه‌وێت كه‌ ئه‌مه‌ش واى كردووه‌ جوڵه‌ى بازرگانى كه‌م ببێته‌وه‌. له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ دابه‌ش نه‌كردنى موچه‌ تواناى دارایی هاوڵاتیانى به‌ته‌واوه‌تى كه‌م كردۆته‌وه‌و ڕێژه‌ى خواست له‌ بازاڕه‌كاندا به‌ ته‌واوه‌تى دابه‌زییوه‌. ئه‌مه‌ش كاریگه‌رى  له‌سه‌ر جوڵه‌ى بازرگانى ده‌بێت.

10. هه‌وڵدان بۆ به‌گه‌رخستنى  سامانى سروشتى كانزاكان له‌ كوردستان دا چونكه‌ كوردوستان ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌زۆر كانزاو بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش سود له‌ وه‌به‌رهێنه‌رانى كه‌رتى تایبه‌ت وه‌ربگیرێت . وه‌سود له‌و یاسایانه‌ وه‌ربگیرێت كه‌ له‌وڵاتانى دراوسێ په‌یڕه‌وى ده‌كرێن.
 
11. پێشنیارده‌كه‌ین پشگیرى ته‌واوى سێكته‌رى پیشه‌سازىو كشتوكاڵى بكرێت هه‌وڵبدرێت پێداویستی بازاڕه‌كانى ناوخۆ له‌ ڕێگه‌ى وه‌به‌رهێنه‌رانى خۆماڵییه‌وه‌ دابینبكرێت، وه‌ڕێگه‌ بگیرێت له‌ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ى دراوى وڵاته‌كه‌مان و هه‌وڵبده‌ین له‌ناوخۆدا ئه‌و داهاتانه‌ به‌گه‌ڕبخه‌ینه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگه‌ى دابینكردنى زه‌وى بۆ پڕۆژه‌ى پیشه‌سازىو كشتوكاڵییه‌وه‌ ده‌بێت و وه‌حكومه‌ت پێداویستییه‌كانى ئاوو ئاوه‌ڕۆو كاره‌باو ڕێگاوبان بۆ ئه‌و پڕۆژانه‌ دابینبكات چونكه‌ سودێگى گه‌وره‌ به‌ ئابوورى وڵاته‌كه‌مان ده‌گه‌یه‌نێت، وه‌پێویستیشه‌ حكومه‌ت له‌هه‌وڵى پاراستنى ئه‌و به‌رهه‌مه‌ خۆماڵی یانه‌دابێت كه‌ له‌ ئێستادا دامه‌زراون هانده‌ریان بێت بۆ فراوانكردنى پڕۆژه‌كانیان.
 
12. پێشنیار ده‌كه‌ین حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هانده‌رو هاوكارى پڕۆژه‌ى پیشه‌سازى بچوك و مامناوه‌ند بێت چونكه‌ ئه‌م پڕۆژانه‌ گرنگییه‌كى ئابوورى زۆریان هه‌یه‌ له‌ وڵاتانى جیهانى سێداو ڕێگایه‌كه‌ بۆ خاوه‌ن داهاته‌ كه‌مه‌كان پڕۆژه‌ى پیشه‌سازى دابمه‌زرێنن و ده‌رفه‌تى كارو پێداویستى بازار دابینبكه‌ن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر سه‌نجێك له‌سه‌ر هاورده‌ى ئه‌وكاڵایانه‌ بده‌ین كه‌ ساڵانه‌ هاورده‌ده‌كرێن ده‌بین زۆر به‌رهه‌م پێویستى به‌شاره‌زاى و كارگه‌ى گه‌وره‌و سه‌رمایه‌ى زۆریش نییه‌ بۆ نمونه‌ به‌رهه‌مى شیرمه‌نى له‌ 1 ساڵدا ته‌نها له‌ده‌روازه‌ى باشماخى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ 5.426,476 كگم هاورده‌كراوه‌، كاشى و مه‌ڕمه‌ڕ 14.718.092كگرام هاورده‌كراوه‌، جلوبه‌رگ 5.496.230 هاورده‌كراوه‌.
 
 
13. پێداچوونه‌وه‌ به‌ پرۆگرامى خوێندندا بكرێت وبه‌جۆرێك دابڕێژرێته‌وه‌ زانكۆ په‌یمانگاو خوێندنه‌ پیشه‌ییه‌كان بتوانن كادرى پیسپۆڕى كارگێڕى و پیشه‌ى پێبگه‌یه‌نن و هێزی كارێكى چالاك و شاره‌زا پێبگه‌یه‌نن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن گه‌شه‌ به‌ سێكترى پیشه‌سازى بده‌ن و هه‌لى كار بۆخۆیان بڕخسێنن به‌ هه‌مان شێوه‌ش بۆ سێكته‌رى كشتوكاڵ وه‌به‌رهێنان و … هتد كه‌ دواتریش بارگرانى بۆ دامه‌زراندن له‌سه‌ر حكومه‌ت كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌و كه‌رتى تایبه‌تیش پێویستى به‌ هێنانى هێزى كارى بیانى نامێنێت.
 
14. به‌هێزكردنى سیستمى بانكى و هه‌وڵدان بۆ ڕاكێشانى بانكه‌ جیهانییه‌كان به‌ مه‌به‌ستى كردنه‌وه‌ى لقه‌كانیان له‌ هه‌رێمى كوردستاندا كه‌ ئه‌مه‌ش هاوكارده‌بێت بۆ ڕاكێشانى وه‌به‌رهێن و سه‌رمایه‌دارى بیانى بۆ به‌گه‌ڕخستنى سه‌رمایه‌كانیان له‌ هه‌رێمى كوردستاندا.
 
15. پێشنیار ده‌كه‌ین به‌شێك له‌كارى وه‌زاره‌ته‌كان بدرێت به‌ وه‌به‌رهێنه‌رانى كه‌رتى تایبه‌ت وه‌ك سێكته‌رى كاره‌با ئاوو ڕێگاو بان ….هتد به‌م شێوه‌یه‌ش ئه‌و ئه‌ركه‌ له‌سه‌ر حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كه‌م ده‌بێته‌وه‌و حكومه‌ت ده‌توانێت وه‌ك چاودێر ڕۆڵى خۆى بگێرێت.
 
16. به‌دامه‌زراوه‌ كردنى كاره‌كانى حكومه‌ت و سود وه‌رگرتن له‌ تكنلۆجیاى نوێ بۆ به‌سیسته‌م كردنى كارى تێكڕاى وه‌زاره‌ته‌كان و به‌ستنه‌وه‌یان به‌یه‌كه‌وه‌ له‌هه‌رسێ پارێزگاكه‌ى هه‌رێمدا.
 
17. دوباره‌ به‌گه‌رخستنه‌وه‌ى كارگه‌ حكومیه‌كان له‌شاره‌كانى هه‌ریمى كوردستان له‌ریگه‌ى كه‌رتى تایبه‌ته‌وه‌. كه‌له‌دواى روخانى رژیمى به‌عس له‌كاركردن راوه‌ستاون.