نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لهسێیەمین کۆنفرانسی ژوورە بازرگانییەکانی ھەرێمی کوردستان رایگهیاند کەرتی تایبەت رۆڵی گرنگی ھەیە و حکوومەتی ھەرێم پشتگیری دەکات، ئهو وتی “کەرتی تایبەت دینەمۆی پێشکەوتنی ئابوورییە”.
لەکاتی رێوڕەسمی کردنەوەی سێیەمین گۆنگرەی ئابووری یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتارێکی پێشکەشکردو رایگهیاند که رۆڵی کەرتی تایبەت لەپەرەپێدانی ئابوری هەرێمی کوردستان، کە ناونیشانی ئەم کۆنگرەیەیە، بابەتێکی گرنگ و هەمیشە جێگەی بایەخی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە. ئهو وتی “حکومەت ئەوەی لە توانایدا بێت ئاسانکاری بۆ کەرتی تایبەتی ناوخۆیی و بیانی کردووە و دەرفەتی گەورەی کار و وەبەرهێنانی لە هەموو بوارەکاندا بۆ رەخساندووە”.
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژهی بهوهش کرد که حکومەت بیری لەهاوکاریکردن و پێشکەشکردنی زیاتری ئاسانکاری بۆ کەرتی تایبەت کردوە، بۆ ئەو مەبەستەش تا ئەو شوێنەی دەکرێت، حکومەت هەوڵدەدات کەرتەکانی خزمەتگوزاری گشتی هەنگاو بەهەنگاو بداتە کەرتی تایبەتو دەرفەتێکی گەورەتری کارکردن لەم کەرتەدا بڕەخسێنێت، ئهو وتی “بە تایبەتی لە دۆخی سەختی دارایی و ئابووری ئێستا، دەبێتە هۆی سوککردنی باری حکومەتی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی جوڵەیەکی باشتری ئابووری و بازرگانی لە هەرێمی کوردستان”.
وتیشی “ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو سەلماندوویەتی، کە کەرتی تایبەت دەتوانێت رۆڵێکی مەزن لە بونیاتنان و پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتیاری و چەنین کەرتی دیکەی خزمەتگوزاری بگێڕێت و ببێتە ستوونە سەرەکییەکانی ئابوورییەکی بەهێز لە هەر وڵاتێک”.
هەروەها گوتی “بۆ ئێمەش کەرتی تایبەت پێویستی بە هاوکاری و پشتگیری و چاودێری حکومەت هەیە لە رێگەی هەبوونی یاسا و سیستەمێکی هاندەر و کارکردن، وەبەرهێنان چ بە پرۆژەی گەورەی ستراتیژی یان بە پرۆژەی مام ناوەندی و بچووک یانیش بە پێدانی قەرز و چەندین ئاسانکاری دیکە ئەوکارە ئەنجام دەدرێت. رۆڵی کەرتی تایبەت بە تایبەتی لەکاتی قەیران و دۆخە سەختەکاندا بە بڕوای سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، باشتر دەردەکەوێت، نێچیرڤان بارزانی گوتی: “هەرێمی کوردستان نموونەی زیندووی ئەو رۆڵەی کەرتی تایبەتە، هەموومان دەزانین کە بەهۆی بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان، شەڕی داعش، هاتنی زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە دەرەوەی عێراق و لەناوخۆی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان و دابەزینی نرخی نەوت، دۆخێکی سەخت و قەیرانێکی گەورەی دارایی و ئابووری هاتە ئاراوە، کە کاریگەری خراپی لەسەر تەواوی جومگەکانی ژیان دروستکردووە لە هەرێمی کوردستان”.