کارگێڕی گشتی ژووری بازرگانی ئێران: ئەڵمانیا شوێنی چین لە ئێران دەگرێتەوە


کارگێڕی گشتی ژووری بازرگانی ئێران و ئەڵمانیا بە ئاماژە بەوەی کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەڵمانیا شوێنی چین لە ئێران دەگرێتەوە و دەبێتە گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئەم وڵاتە، وتی: ڕێژەی ئاڵ و گۆڕە بازرگانییەکانی نێوا ئێران و ئەڵمانیا لە ساڵی ڕابردوو 2 ملیار و 500 ملیۆن یۆرۆ بووە.

ڕنە هارون: لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بە ئاماژە بە کاریگەری گەمارۆ لە سەر وڵاتان، وتی: گەمارۆ ئابورییەکان بەدەر لەوەی کە لە سەر کەرتی ئابوری وڵاتێک کاریگەرییان دەبێت، بەڵکوو بە هەمان شێوە لە سەر کەرتی ئابوری ئەو وڵاتانەش کاریگەری دادەنێت کە لە گەڵ ئەو وڵاتەدا پەیوەندی بازرگانییان هەیە.

ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە ڕێژەی ئاڵ و گۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و ئەڵمانیا لە ساڵی ڕابردوو 2 ملیار و 500 ملیۆن یۆرۆ بووە، وتی: پێم وایە کە ئەم ڕێژەیە لە ساڵی داهاتوو بۆ دوو هێندە بەرزتر ببێتەوە. وتیشی: لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەڵمانیا دەبێتە یەکەم هاوبەشی بازرگانی وڵاتی ئێران و شوێنی چین لەم وڵاتە دەگرێتەوە.

کارگێڕی گشتی ژووری بازرگانی ئێران و ئەڵمانیا بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە پێش بینی دەکرێت بەم هەل و مەرجە بازرگانییەوە تا چەند ساڵی داهاتوو، ڕێژەی ئاڵ و گۆڕە بازرگانییەکانی نێوان دوو وڵات بگاتە 10 ملیار یۆرۆ، وتی: بازرگانی بە مەکینە و پێداویستییەکانی کارگە و ناوەندە پیشەسازییەکان، هێڵی وەبەرهێنانی مەکینە پیشەسازییەکان، ئۆتۆمبێل و بەشی بیناسازی لەو خاڵانەیە کە ئەڵمانییەکان بۆ بازرگانی لە گەڵ ئێران گرنگی زیاتری پێ دەدەن.

هارون بە ئاماژە بە ڕاپرسی ژووری بازرگانی ئێران و ئەڵمانیا ڕایگەیاند: بە پێی ئەم ڕاپرسییە لە سەدا 20ی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان ڕایانگەیاندووە کە لە ساڵی داهاتووی زائینی ویستی سەرمایەدانەرییان لە ئێران هەیە و لە سەدا 80ی دیکە لە ساڵانی داهاتوو هەمان مەبەستیان هەیە.

ناوبراو بە ئاماژە بە بازاڕی گەورە، هێزی خوێندەوار و سەرچاوە سرووشتییەکانی ئێران، وتی: وڵاتێک کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە ژێر کاریگەری گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بووە، پێویستی بە چاکسازی دەبێت. لە ئێستاشدا پێمان وایە کە سیستەمی باج و دامەزراوە یاساییەکانی بازرگانی لە ئێران پێویستە ڕەوتی چاکسازی بیانگرێتەوە.

کارگێڕی گشتی ژووری بازرگانی ئێران و ئەڵمانیا بە ئاماژە بە دۆخی هەنووکەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڕەشەکانی لە سەر سەرمایەدانەران، وتی: دابەزینی بێکاری و هێشتنەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان لە ئێران لەم ئاستەدا بە کێشەی سەرمایەدانەرانی ئەڵمانیا و چالاکییەکانیان لە ئێران دادەنرێت.

هارون بە ئاماژە بە ڕۆڵی بانکەکانی ئەڵمانیا لە پرۆسەی بازرگانی لە گەڵ ئێران، وتی: کێشە بانکییەکان و دابین کردنی سەرچاوە داراییەکان هێشتا لە پاش جێبەجێ کردنی ڕێکەوتنی ناوەکی بوونی هەیە. هەڵبەت ژمارەیەک لە بانکەکانی ئەڵمانیا پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لە گەڵ ئێران دەستپێکردووە و بانکە گەورەکانیش لە ژێر گوشاری سەرمایەدانەران بە ناچاری پەیوەندییە داراییەکانیان لە گەڵ ئێران دەست پێ دەکەن.
 
جام کوردی