لوبنان.. لە پێکدادانەکانی نێوان لایەنگران و نەیارانی ئەسەد دا ١٧ کەس کوژران

ئەنجومەنی بەرگری باڵای لوبنان بڕیاری دا کە دانیشتەکانی بەردەوام بێت بۆ چاودێری کردنی بارودۆخی ئەمنی شاری تەرابلوس کە شەڕو پێکدادانی قورس بەخۆیەوە دەبینێ لە نێوان لایەنگران و نەیارانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا. 
سەرچاوەکانی ھەواڵ لەوبارەیەوە ڕایانگەیاند: پێکدادانەکانی رۆژی یەکشەممەی ئەو شارە کە چەکی قورسی تیا بەکارھاتووە، (٥) کەس کوژران و (٤٠) کەسی تریش برینداربوون، بەمەش ژمارەی کوژراوانی چەند ڕۆژی ڕابردووی پێکدادانەکان گەیشتە (١٧) کوژراوو زیاتر لە (١٠٠) بریندار. لەلایەکی ترەوە ھەر ھەمان رۆژ، لەناوچەکانی باکووری لوبنان مەراسیمی ناشتنی تەرمی سێ ھاووڵاتی بەڕێوەچوو کە لە ھەفتەی پێشودا لەلایەن ھیزەکانی حکومەتی سوریاوە لەسەر سنوری نێوان لوبنان سوریا کوژران. 
لەو بارەیەوە چەند سەرچاوەیەک ئاشکرایانکرد کە ھێزەکانی سوریا نزیکەی (٢٠) لوبنانیان لە نزیک گوندی (تەلکەلەخ)ی شاری حمس کوشتووە کاتێک ویستویانە بچنە ناو ئەو وڵاتەوە.