سعودیە و چین بە رێكەوتنێكی بازرگانی گورزێكی توند لە دۆلار دەوەشێنن

عەرەبستانی سعودیە و چین رێكەوتنێكیان واژۆكردو بەگوێرەی رێكەوتنەكە هەردوولا مامەڵەی بازرگانی نێوانیان بە (یوان)چینی (ریاڵی)ی سعودیە ئەنجام دەدەن و رێكەوتنەش لە (26)ی ئەیلولی رابردوەوە چۆتە بواری جێبەجێ كردنەوە. 
 
پسپۆرانی ئابووریش پێینوایە ئەو رێكەوتنە “گورزێك”ە و لە دۆلار دەدرێت، بەوپێیەی ئەو رێكەوتنە دەبێتە هۆی ئەوەی هەردوو وڵات راستەوخۆ سستمێكی گۆڕینەوەی دراو لەنێوان (یوان)ی چینی و (ریاڵی)ی سعودی دابمەزرێنن، هەروەها بوار بۆ پەكین دەڕەخسێنێت كە لە ئایندەدا نەوتی سعودیە بەدراوی خۆی بكڕێت و ئەوەش زیانی گەورە بە دۆلار دەدات.

چین بە گەورەترین كڕیاری نەوتی سعودیە دادەنرێت رۆژانە (1.1) ملیۆن بەرمیل نەوتی سعودیە دەكڕێت، كە دەكاتە (15%) كۆی نەوت هەناردەكراوە سعودیە.

هەروەها بەگوێرەی ئامارە فەرمیەكانی سعودیە چین گەورەترین هاوبەشی بازرگانی سعودیە و ساڵی رابردوو ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان (49.2) ملیار دۆلار بوە، هەناردەی سعودیە بۆ چین (24.55) ملیار دۆلار بوە و لەبەرامبەریشدا ریاز بە بەهای (24.64) ملیار دۆلار هاوردە دەكات.