عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عیراق ئاشكرای دەكات: قەبارەی یەدەگی دراوی بیانی لەماوەی یەك ساڵدا 9 ملیار دۆلار كەمیكردوەو لەئێستادا بانكەكەیان خاوەنی 50 ملیار دۆلارە.
عەلاق لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی سەباح رایگەیاندوە: لەئێستادا یەدەگی دراوی بیانی بانكی ناوەندی عیراق 50 ملیار دۆلارە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە قەبارەی ئەو یەدەگە لەمانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2015دا 59 ملیار دۆلار بووە، بەوپێیەش لەماوەی ساڵێكدا قەبارەی یەدەگی دراوی بیانی 9 ملیار دۆلار كەمیكردوە.
پارێزگاری بانكی ناوەندی عیراق ئاماژەی بەوەشكردوە: كە بانكی ناوەندی لە ماوەی رابردوودا سەركەوتوو بووە، لە كۆنترۆڵكردنی نرخی گۆڕینەوەی دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە دیناری عیراقی، جگە لەوەش سەرباری ئەو دۆخە داراییە قورسەی ڕووبەڕووی عیراق بوەتەوە، بانكی ناوەندی رێگربووە لە بەرزبوونەوەی هەڵئاوسانی نرخو توانیویەتی پارێزگاری لە بارودۆخی ئابووری وڵات بكات.